بەژداری پێ کردنی هەواڵ لە

FacebookTwitterGoogle BookmarksRSS Feed

بودجەی‌ 2018 رووی راستەقینەی قەیرانی عێراق ئاشكرا دەكات

10 ئازار 2018

دوای گفتوگۆیەكی گەرم بەدرێژایی چەند مانگێك، پەرلەمانی عێراق بودجەی ئەمساڵی لەسەر بنەمای زۆرینە نەك تەوافوقی سیاسی پەسەندكرد كە یەكەمجارە لەدوای ساڵی 2003وە روودەدات.

بۆیەكەمجار پەرلەمانتارانی شیعە‌و سوننە پێكەوە لەسەر بودجە رێككەوتن‌و كوردیش دوای كەمكردنەوەی پشكەكەیان بوونە قوربانی، بەڵام سەرەڕای ئەوەش بودجە بوونی كێشەی دارایی قوڵ دەردەخات.

شەممەی رابردوو پەرلەمانی عێراق بودجەی دارایی ساڵی 2018ی پەسەند كرد كە سێ مانگ لە وادەی یاسایی خۆی دواكەوتووە، چونكە یاسای كارگێڕی دارایی ئەنجومەنی وەزیران پابەند دەكات لە ماوەیەكدا كە لە 11ی مانگی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێك تێپەڕ نەكات پرۆژەی بودجە پێشكەش بە پەرلەمان بكات، بەڵام حكومەت شكستی هێنا لەو تاقیكردنەوەیەدا بەهۆی ناكۆكی نێوان حزبەكان‌و ئەو قەیرانە داراییە قووڵەی وڵاتی گرتووەتەوە.

بودجەكە بەڕێژەی 90% پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت‌و بڕەكەی گەیشتووەتە (88) ملیار دۆلار لەسەر بنەمای تێكڕای نرخی (46) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك نەوت‌و بە تێكڕای هەناردەكردنی نزیكەی سێ ملیۆن‌و (800) هەزار بەرمیلی رۆژانە، بەڵام بودجەكە بڕی (10) ملیار دۆلار كورتهێنانی هەیە بەگوێرەی ئەو یاسایەی پەرلەمان پەسەندی كردووە.

هەرێمی كوردستان گەورەترین زەرەرمەندی بودجەكەیە كە بەزۆرینەی دەنگ لە پەرلەمان پەسەندكرا، ئەویش دوای كشانەوەی پەرلەمانتارانی كورد لە دانیشتنی دانگدانەكە وەك ناڕەزایی بەرامبەر كەمكردنەوەی پشكی هەرێم لە 17%وە بۆ 12.6% لە كاتێكدا كورد رووبەڕووی قەیرانێكی دارایی خنكێنەر‌و گەمارۆیەكی ئابووری بوونەتەوە كە لەدوای قەیرانی ریفراندۆمەكەی هەرێم بۆ جیابوونەوە لە عێراق لە ئەیلولی رابردووا، بەغدا بەسەر داهاتی نەوتی‌و گومرگی هەرێمیدا سەپاندووە‌و تا ئەمڕۆش بەردەوامە.

سەرەڕای ناكۆكی نێوان حزبە كوردییەكان، بەڵام لە ناڕەزایی بەرامبەر بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراقدا یەكدەنگ بوون‌و هەندێكیان داوایانكرد بایكۆتی پرۆسەی سیاسی بكرێت، هاوكات مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو بێدەنگییەی هاتە دەرەوە كە لە دوای دەستبەرداربوونی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم تێیدایە‌و وتی ئەوەی لە بەغدا روویدا "چەوساندنەوەیەكی پلان بۆداڕێژراوە لەدژی گەلی كوردستان"، لە كاتێكدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەنگدانی پەرلەمانی لەسەر بودجە بەبێ ئامادەبوونی پەرلەمانتارانی كورد بە "هەرەسهێنانی بنەمای شەراكەت لە حوكم" لەقەڵەم دا كە لە دوای 2003وە عێراقی لەسەر بنیات نراوە.

حكومەتی هەرێمی كوردستانیش رووبەڕووی گوشارێكی جەماوەری بووەتەوە بەهۆی دواكەتنی خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران، یەكشەممەی رابردووش فەرمانبەرانی كەرتی خوێندن رایانگەیاند كە درێژە بە بایكۆتی گشتی دەدەن، ئەمە لە كاتێكدایە كە هەلومەرجەكە ئاماژەی ئەوەی تێدا نییە بەم نزیكانە قەیرانی نێوان بەغدا‌و هەرێمی كوردستان یەكلایی بكرێتەوە سەرەڕای ئەو لێدوانە گەشبینانەی بەرپرسانی هەردوولا چەند هەفتەیەكە رایدەگەیەنن، چونكە بڕیارەكەی هەفتەی رابردووی حكومەتی فیدراڵی بەدرێژكردنەوەی گەمارۆی ئاسمانی لەسەر فڕۆكەخانەكانی كوردستان بۆ سێ مانگی دیكە دووپاتی كردەوە قەیرانەكە لەوە قووڵترە كە دەردەكەوێت‌و بووەتە یەكێك لەو ئاڵنگاریانەی لەدوای لەناوبردنی "داعش" رووبەڕووی وڵات دەبێتەوە.

دانوستانی دواین ساتەكان
تا هەفتەی رابردووش پەرلەمانتارانی سوننە‌و پەرلەمانتارانی پارێزگا شیعەكانی بەرهەمهێنەری نەوت لە باشووری وڵات لە پاڵ كورددا بوون لە رەتكردنەوەی بودجە، بەڵام حكومەت توانی رازییان بكات لەڕێی دەربڕینی رەزامەندی لەسەر هەندێك لە داواكارییەكانیان لەبەرامبەر رازیبوونیان بە تێپەڕاندنی بودجەكە.

چەند مانگێكە حزبە سوننەكان داوا دەكەن بڕە پارەیەكی نائاسایی بۆ بنیاتنانەوەی پارێزگا ئازادكراوەكان تەرخان بكرێت‌و مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت لە دانیشتووانی ئەو ناوچانە خەرج بكرێت كە حكومەت لە ساڵی 2014وە رایگرتووە لەترسی ئەوەی نەگاتە دەستی تیرۆریستان، بەڵام پاش چەند مانگێك لە ئازادكردنی ئەو شارانە حكومەت ئەو مووچانەی خەرج نەكردووە، ئەوەش وای لە پەرلەمانتارانی سوننە كرد حكومەت ناچار بكەن لە بودجەدا ئەو كارە بكات، بەكرداریش هەر وا دەرچوو.

پەرلەمانتار ئەحمەد جبوری نوێنەری موسڵ بە "نیقاش"ی وت: "توانیمان باوەڕ بە حكومەت بهێنین كە رەزامەندی لەسەر خەرجكردنی مووچە پاشەكەوتكراوەكانی فەرمانبەرانی ناوچە ئازادكراوەكان دەرببرێت لەگەڵ پێدانی فەرز بۆ یارمەتیدانیان لە بنیاتنانەوەی خانووە خاپووركراوەكانیان‌و گێڕانەوەی ئەو كەسانەی لە خزمەت دەركراون لە كارمەندانی پۆلیس‌و سوپا‌و قەربووكردنەوەی دانیشتووانی ئەم پارێزگایانە لە وەزیفەی حكومی بۆ سێ ساڵی رابردوو كە بەهۆی باڵادەستی تیرۆریستانەوە نەیگرتبوونەوە، لەكاتێكدا پشكی ئەم پارێزگایانە چووبوو بۆ پارێزگاكانی باشوور".

سەبارەت بە ئاوەدانكردنەوەی ئەو پارێزگایانەش لە ماددەی (43)ی بودجەكەدا هاتووە: "پارەیەكی سەربار بە بڕی (355) ملیۆن دۆلار دەخرێتە سەر دەرماڵەی ئەو پارێزگا‌و ناوچانەی لەژێر كۆنترۆڵی داعشدا بوون بەمەبەستی پشتیوانیكردنی گێڕانەوەی ئارامی‌و بنیاتنانەوەی ژێرخان‌و بەم شێوەیە دابەش دەكرێت: نەینەوا (152 ملیۆن دۆلار)، سەڵاحەدین (84 ملیۆن دۆلار)، ئەنبار (84 ملیۆن دۆلار)، كەركوك (17 ملیۆن دۆلار)، دیالە (17 ملیۆن دۆلار)".

بەپێی یاسای دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگاكانی ساڵی 2013، پارێزگا بەرهەمهێنەكانی نەوت كە زۆرینەیان لە باشووری وڵاتن، رێژەی 5%یان لە داهاتی هەر بەرمیلێك نەوت لە نەوتی خاو پێدەدرێت، رێژی 5%ی دیكەشیان بۆ هەر بەرمیلێك نەوتی پاڵێوراو لە پاڵاوگەكانی پارێزگاكان پێدەدرێت، هەروەها رێژی 5%ی دیكەشیان لە داهاتی گازی سروشتی بەرهەمهێنراو لە هەر پارێزگایەكدا پێدەدرێت، بەڵام چەند ساڵێكە حكومەت بەهۆی قەیرانی دارایی‌و پێویستی بە پارەی زیاتر، ئەم بڕیارەی جێبەجێ نەكردووە، بەڵام پەرلەمانتارانی شیعە ئەمجارە حكومەتیان ناچاركرد ملكەچی یاساكە ببێت.

حكومەت گەیشتە چارەسەرێك سەبارەت بە داواكاری پارێزگا شیعەكانی بەرهەمهێنەری نەوت‌و گاز، لەو بارەیەشەوە لە ماددەی (2)ی بەشی دووەمی یاسای بودجەدا هاتووە "رێژەی 5%ی داهاتی نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو لە پارێزگاكە‌و رێژەی 5%ی داهاتی نەوتی خاوی پاڵێوراو لە پاڵاوگەكانی پارێزگاكە‌و رێژەی 5%ی داهاتی گازی سروشتی بەرهەمهێنراو لە پارێزگاكە، دەدرێت بە پارێزگاكان، بەڵام پێویستە پارێزگاكە یەكێك لەم داهاتانە وەربگرێت نەك هەموویان".

بۆ نموونە بەسرە نەوت بەرهەمدەهێنێت‌و پاڵاوگەی تێدایە‌و گازیش بەرهەم دەهێنێت، بۆیە دەبێت رێژەی 15%ی هەر بەرمیلێك وەربگرێت، بەڵام بەپێی یاساكە رێژەی 5% وەردەگرێت، ئەمەش لەهیچ باشترە، وەك پەرلەمانتار عەممار توعمە لە "هاوپەیمانی نیشتمانی" دەڵێت.

توعمە بە "نیقاش"ی وت: "هەروەها بودجەكە ئەوەشی تێدایە كە پارێزگاكان رێژەی 20%ی زیادەداهاتی نەوتیان پێدەدرێت لە كاتێكدا ئەگەر نرخی بەرمیلێك نەوت لەو نرخە زیاتر بەرزببێتەوە كە لە بودجەكەدا دیاری كراوە‌و 46 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێك".

ئایندەی حەشدی شەعبی
نیشانەكانی قەیرانی دارایی لە وڵات لە سالًَی 2014وە سەریان هەڵدا لەدوای هەرەسهێنانی نرخی جیهانی نەوت ئەوش هاوكات بوو لەگەڵ هێرشی بەرفراوانی توندڕەوان‌و داگیركردنی سێیەكی خاكی وڵات، پاشان پێكهێنانی هێزەكانی "حەشدی شەعبی" لە گرووپە شیعەكان كە ئەمڕۆ نزیكەی 100 هەزار چەكدار لەخۆدەگرن، هێندەی تر باری دارایی حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران قورستر كرد.

سەرەڕای هەوڵەكانی عەبادیش بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپانە‌و هەڵبژاردنی كۆمەڵێكیان بۆ تێكەڵكردنیان لەگەڵ سوپا‌و پۆلیسدا، بەڵام ئەو هەوڵانە شكستیان هێنا كاتێك پەرلەمانتارە شیعەكان توانیان بە زۆرینەی دەنگ لە تشرینی دووەمی 2016دا یاسایەك دەربكەن كە گرووپە شیعەكانی بە هێزێكی رەسمی چەكدار دانا‌وە‌و حكومەتیان خستە بەردەم واقعێك كە دەبوو مووچەی ئەو چەكدارانە بدات‌و پڕچەكیشیان بكات.

یاسا نوێیەكەی بودجە بڕی دوو ملیار‌و نیو دۆلاری بۆ خەرجی سەربازی تەرخانكردووە، كە بەم شێوەیە دابەشكراوە: (600 ملیۆن دۆلار) بۆ وەزارەتی بەرگری، (146 ملیۆن دۆلار) بۆ وەزارەتی ناوخۆ، (80 ملیۆن دۆلار) بۆ هێزەكانی "حەشدی شەعبی"، (80 ملیۆن دۆلار) بۆ دەزگای دژەتیرۆر، ئەو بڕەش كە دەمێنێتەوە بۆ كڕینی چەك تەرخان دەكرێت.

بەڵام دوای چەند سەعاتێك لە پەسەندكردنی بودجەكە، سەركردەی گرووپە شیعەكان ناڕەزاییان بەرامبەر دەربڕی ئەویش لەبەرئەوەی حكومەت چەكدارانی "حەشدی شەعبی" بە فەرمانبەری هەمیشەیی دانەناوە، بەڵكو بە گرێبەست دایناون، هەروەك مووچەی چەكدارەكانیشیان بە كەمتر لە مووچەی وەزارەتی بەرگری دیاری كراوە.

دووشەممەی رابردوو قەیس خەزعەلی سەركردەی "عەسائیب ئەهل لحەق" لە راگەیەندراوێكی رەسمیدا وتی: "یەكساننەكردنی پاڵەوانانی جەنگاوەری "حەشدی شەعبی" لەگەڵ جەنگاوەرانی دەزگا ئەمنییەكان‌و جێگیرنەكردنیان لەسەر میلاكی هەمیشەیی دەوڵەت‌و مانەوەیان بە شێوەی گرێبەست سەرباری هەموو ئەو قوربانیانەی پێشكەشیان كردوووە، خیانەتێكی راستەقینەیە بەهەموو مانای وشەكە".

نەبوونی دامەزراندن.. قەرزی زیاتر
مەترسی داهاتوو خۆی لە بەرزبوونەوەی ترسناكی نیشانەكانی بێكاری لە وڵاتدا دەبینێتەوە، لە كاتێكدا بودجەكە داوای گرتنەبەری زنجیرەیەك رێوشوێنی گەورەی نوێی دەستگرتنەوە دەكات كە چەند دەیەیەكە عێراق بەخۆوەی نەبینیوە.

ئەمساڵ بۆ یەكەمجارە حكومەت بڕیاری داوە هەموو جۆرە دامەزراندنێك لە وەزیفەی حكومیدا رابگرێت كە بەشی هەرە زۆری گەنجانی بێكار بۆ دەستكەوتنی كار پشتیان پێ بەستووە، لە كاتێكدا دامەزاندن لە ساڵانی رابردوودا بەم شێوەیە بووە: (100 هەزار وەزیفە لە ساڵی 2013دا)، (37 هەزار لە ساڵی 2014دا)، (30 هەزار لە ساڵی 2015)، (32 هەزار لە ساڵی 2016دا) و چەند هەزارێكیش لە ساڵی 2017‌و ئەمساڵیش هیچ دامەزاندێك نییە.

ماددەی (11) لە بەشی سێیەمی بودجەكە دەڵێت: "پێویستە وەزارەتە فیدراڵییەكان دامەزراندن لە ریزەكانیاندا رابگرن لە كۆمپانیا گشتییەكان‌و دەستە‌و بەڕێوەبەرایەتییەكان كە بەداهاتی خۆیان بەڕێوەدەچن‌و لە خەزێنەی گشتی فیدراڵی دەوڵەت مینحە یاخود قەرز لە بانكە حكومییەكان وەردەگرت".

ئەم بڕیارە هەڕەشەیە بۆ زیادبوونی رێژەی بێكاری لە وڵات بۆ ئاستی مەترسیدار، چونكە لەساڵی 2012دا رێژەی بێكاری 16% بووە‌و لە ساڵی 2017 رێژەكە بۆ دوو هێندە بەرزبووەتەوە‌و گەیشتووەتە 30% بەهۆی ئەو فەوزایەی "داعش" دروستی كرد‌و ملیۆنان كەس ئاوارەبوون، پێشبینیش دەكرێت دوای راگرتنی دامەزراندنی حكومی، بێكاری لە كۆتایی ئەمساڵدا زیاد ببێت.

ئەوەی بارەكەی گرانتر كردووە ئەوەیە حكومەت بڕیاری داوە باجی نوێ بسەپێنێت كە چەند دەیەیەكە عێراقییەكان نەیانبینیوە، لەو بارەیەشەوە ماددەی (17) لە بەشی سێیەم دەڵێت: "بەردەوامبوونی سەپاندنی باجی فرۆشتن لەسەر خزمەتگوزاری پڕكردنەوەی مۆبایل‌و تۆڕی ئینتەرنێت بەڕێژەی 20%‌و باجی فرۆشتن بەڕێژەی 5%‌و باجی 20 دۆلار بۆ هەر بلیتێكی گەشتكردن لە فڕۆكەخانەكانی عێراقەوە".

قەرزە دەرەكییەكانیش یەكێكە لەو ئامرازانە حكومەت بە درێژایی سێ ساڵی رابردوو پەنای بۆ بردووە بۆ پارەداركردنی بودجە تا بتوانێت شەڕی "داعش" بكات‌و هەرەسنەهێنانی وڵات لەڕووی ئابوورییەوە مسۆگەر بكات، قەرزەكانی وڵات گەیشتووەتە نزیكەی 130 ملیار دۆلار كە 70 ملیاری دۆلاری قەرزی دەرەكی دەوڵەتان‌و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانە‌و 40 ملیار دۆلاریشی قەرزی ناوخۆییە.

بۆ ئەمساڵیش حكومەت بڕیاری داوە پشت بە قەرز ببەستێت بۆ قەرەبووكردنەوەی كورتهێنانی دارایی كە گەیشتووەتە 9%ی قەبارەی بودجە كە 88 ملیار دۆلارە، ئەویش لەڕێی قەرزكردنی 10 ملیار دۆلار لە دەوڵەتان‌و رێكخراو‌و بانكە نێودەوڵەتی‌و عەرەبییەكان كە دیارترینیان ژاپۆن‌و ئەڵمانیا‌و بەریتانیا‌و سوید‌و ئیتاڵیا‌و ویلایەتە یەكگرتووەكانە، ئەوە جگە لە بانكی نێودەڵەتی بانكی ئیسلامی بۆ گەشەپێدان كە لە بەشی دووەمی بودجەدا لە بەشی كورتهێناندا باسكراوە.

بەڵام ئاڵنگاری هەرە گەورە كە رووبەڕووی بودجە نوێیەكە دەبێتەوە ئەوەیە هاوكات دەبێت لەگەڵ وادەی هەڵبژاردنی پەرلەماندا كە بڕیارە لە مانگی ئایاری داهاتوو بەڕێوەبچێت، ئەمەش ترسی ئەوە دروست دەكات كوتلە سیاسییەكان پارەی بودجەكە لە بانگەشەیە هەڵبژاردندا بەكاربهێنن.

 

پەیوەندی

بۆ پەیوەندی کردن بە بەرێوەبەرایەتی تۆڕی هەواڵی هەولێر ئەو ئیمێل و ژمارە مۆبایلانەی خوارەوە بەکاربێنە

  • ناونیشنا : عێراق - هەولێر - بەرامبەر نەخۆشخانەی سەنتەری دڵ

  • ئیمێل : عنوان البريد الإلكتروني هذا محمي من روبوتات السبام. يجب عليك تفعيل الجافاسكربت لرؤيته.

  • ماڵپەر :٠٠٩٦٤٧٥٠٤٥٤٧٩٣٧

    ماڵپەر : ٠٠٩٦٤٧٥٠٤٦٦١٧٤٥