بەژداری پێ کردنی هەواڵ لە

FacebookTwitterGoogle BookmarksRSS Feed

خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی (ئاسیا لەبەرامبەر خۆرئاوادا) داریوش شایگان
Featured

22 ئایار 2018

لە ناوەڕاستی نەوەتەکاندا بوو کاتێک من و زۆرێک لە هاوڕێکانم، زۆر هۆگری تێڕوانین و بەرهەمەکانی بیرمەندی گەورەی عیراقی « هادی عەلەوی» بووین، هادی عەلەوی لە بیرمەندە چەپەکانی ئەوکات جیاواز تر بوو ، دژی هەموو کولتووری رۆژهەڵات و ئیسلام نەدەوسستایەوە، بگرە بە پێچەوانەوە زیاتر دژایەتی کولتوری رۆژئاوایی دەکرد. یەکێک لەو قسانەی کە من لێوەی فێربووم ئەوە بوو: پەیامی زۆربەی فەیلەسوفانی رۆژئاوا بە مارکسیشەوە، بۆ مرۆڤی رۆژئاواییە و کولتوور و نەتەوەکانی غەیرە ئەوروپی ناگرێتەوە. پاشتر کەچووم بۆ ئەوروپا ئەمەم بە مومارسە باشتر بۆ دەرکەوت.
بەهەرحاڵ لە نەوەتەکانەوە لە رۆژهەڵات کۆمەڵێک بیرمەند و نووسەر پەیدابوون کە هەموو شتێکی رۆژهەڵاتییان رەت نەدەکردەوەو هەموو شتێکی رۆژئاواشیان قبووڵ نەبوو، بگرە دژی فکری رۆژئاواش دەوەستانەوە. لە ئێرانیش کۆمەڵێک نووسەر و بیرمەند لەسەر ئەم رێچکەیە پەیدابوون، یەکێکیش لەوانە « داریوش شایگان»ە کە یەکێکە لە بیرمەندە مەزنەکانی ئێران لە سەدەی نوێدا.
کتێبی « ئاسیا لە بەرامبەر خۆرئاوادا» یەکێکە لە کتێبە باشەکانی نووسەر و کۆمەڵێک تێڕوانینی خۆی لەبەرامبەر رۆژهەڵات و رۆژئاوا دەرخستووە. زۆر سوپاس بۆ هاوڕێی نووسەرم کاک « نەجات نوری» کە ئەم کتێبەی بۆ پەیداکردم،چونکە بەراستی دەمێک بوو بە دوای ئەم کتێبەدا دەگەڕام، ئەم کتێبە لەلایەن هەردوو وەرگێری بەرێز « شۆڕش جوانڕۆیی و مامەند رۆژ» کراوەتە کوردی.
نووسەر لەم کتێبەیدا خاوەنی چەند تێڕوانینێکی تەواو تایبەتە، لەوانە : داریوش شایگان پێی وایە کە کولتووری ئاسیاویی زیاتر عیرفانییە و کولتووری رۆژئاواییش زیاتر فەلسەفییە. لای ئەویش ماوتسیتونگ مێژووی تەواوی چین و ئاسیاشی گۆڕی، چونکە بۆیەکەمجار لەمێژووی چینیدا، فکرێکی رۆژئاوایی بەسەر وڵاتێکدا دەسەپێنێت کە خاوەنی دێرینترین کولتووری جیهانە. هەروەها گاندیش لای داریوش شایگان، نموونە و رابەرێکی مەزنی ئاسیاوییە کە هەڵگری فکری ئاسیاوییە و بە تیرۆرکردنی گاندیش، زەربەی گەورە بەر فکر و کولتوروی هیندی و ئاسیاویی کەتووە.
لە هەمانکاتیشدا داریوش شایگان دەڵێت: فکری ناسیۆنالیزم فکرێکی تەواو نامۆیە بە رۆژهەڵات و لەگەڵ کولتووری رۆژهەڵاتیی و ئاسیاویدا ناگونجێت. هەروەها فکری مارکسیزم و فاشیسیزمی لەیەک ئاستدا گوزارشت لەفکری نهییلیزم دەکەن.
لێرەدا هەڵ دەدەم کورتەیەک لە فکری ئەم بیرمەندە دەربخەم لە هەمانکاتیشدا چەند سەرنجێکی خۆم لە بارەی فکری ئەم بیرمەندە، دەخەمە ڕوو.
چوار شارستانییە گەورەکەی ئاسیا
داریوش شایگان پێی وایە لە ئاسیادا چوار شارستانی گەورە هەیە کە ئەوانیش بریتین لە : شارستانی هیندی، شارستانی چینی، شارستانی ژاپۆنی، شارستانی ئێران و ئیسلامی. نووسەر پێی وایە تەنها لەم چوار شوێنەدا شارستانی ئاسیاویی و رۆژهەڵاتی لەدایک بووە.
خاڵی هاوبەشی هەر چوار شارستانیەتەکە
لەگەڵ ئەوەی لە رووی ئاینییەوە هەر چوار شارستانییەتەکە لەیەکتریەوە دوورن، بەڵام لەناو ئەم جیاوازیەشدا نووسەر کۆمەڵێک خاڵی هاوبەش لەناو ئەم چوار شارستانییە دەدۆزێتەوە، یەکێکیش لەو خاڵە هاوبەشانەی کە لە چوار شارستانییەکەدا کاری لەسەر کراوە، مەسەلەی گەڕان بەدوا خود و ئیشراقە . لەمبارەیەوە نووسەر دەڵێت:
ئامانجی مرۆڤ ئەوەبوو گشتێتی شاراوەی بونیادەکە بەدیبهێنێت و یان لەدەریای سامسارا بپەڕێتەوە هەروەک لە هیند و لە ئاینی بودادا هەیە، یان بە پلەو پایەی مرۆڤێکی کامڵ بگات و هێمای هەقیقەتی محەمەدی لێبکەوێتەوە، هەر بەو جۆرەی لە عیرفانی ئیسلامیدا وەهابوو، یان هەروەک لە چیندا لە تائۆدا نغرۆبێت، بەکورتی لەتەک ئەو نهێنیەدا بێت کە لە پشت روخساری جیهاندا دەدرەوشێتەوە. ل 256
نووسەر لەم کتێبەیدا هەوڵیداوە خاڵی هاوبەش لەنێوان هەر چوار شارستانییەکە بدۆزێتەوە تاڕادەیەکی باشیش لەمەشدا سەرکەوتووبوە، ئەو پێی وایە کە عیرفانییەت هەموو چوار شارستانیەتەکە کۆدەکاتەوە ئەمەش لەهەر ئایینە و بەشێوەیەک دەرکەوتوە. لەمبارەیەوە دەڵێت:
ئەم ئەزموونە « ساتوری» بێت لای ژاپۆنیی، « مۆکشا» ی رزگاری بێت لای هیندۆسەکان، « نغرۆبوون» بێت لەلای ئاینی تائۆی چینی. « فناء الله» بێت لەلای موسڵمان و ئاینەکان . ل252 مەبەستی سەرەکی عیرفانییەتە، کە لە هەر چوار ئاینەکەدا بە شێوەیەک دەردەکەوێت. .
شکستی ئاسیا لە هەمبەر رۆژئاوا
دیارە پرسی رۆژهەڵات و رۆژئاوا پرسێکی کۆنە و لەناو زۆربەی ناوەندە سیاسی و رۆشنبیریی و فکرییەکانی هەردوولادا باسی لێوەکراوە. بە حکومی پێشڕەویی دەوڵەتانی ئەوروپا لە چەند سەدەی پێشوودا، ئەمەش جۆرە رۆحێکی لووتبەرزی و راسیزمی لەناو رۆژئاواییەکان دروستکرد و زۆربەیان پێیان وابوو، کە کولتووری رۆژئاوایی بەهێزترین کولتوری جیهانە و دەبێت تەواوی جیهانیش پێڕەوی ئەوان بکات، تاڕادەیەکی زۆریش لەمەدە سەرکەوتووبون، چونکە لە زۆربەی شوێنەکانی تری جیهان، پێڕەوی کولتوری رۆژئاواییان کرد. گەرچی نووسەر لەمبارەیەوە بۆچوونێکی تری هەیە و دەڵێت:
دواکەتنی وڵاتانی ئاسیا، دواکەوتن نییە بەرامبەر بە پێشکەوتنێکی تایبەت، چونکە لەگەمەی گەڕانی جیهاندا پێش و پاش نییە، ئێمە لە بەرامبەر مێژوودا دواکەوتوین، واتە مێژووی خۆرئاواول 54
پاشانیش دەڵێت:
تێگەیشتن لەوەی کە داخۆ ئەم دواکەوتنە باشە یان خراپە، سودمەندە یان زیانبەخشە، بەندە بەو تێگەیشتنەی کە هەمانە لەسەر مێژووی بیرکردنەوە خۆرئاوا. ل54
جیاوازی شارستانی ئاسیا و رۆژئاوا
نووسەر پێی وایە تەواوی بیرکردنەوەی ئاسیاویی، بیرکردنەوەیەکی عیرفانی بووەو ئامانجی رزگاری مرۆڤ بووە، ئەمەش بە پێچەوانەی بیرکردنەوەی خۆرئاوایییەوەیە کە بیرکردنەوەیەکی فەلسەفییە. پێشی وایە ، ئیسلام کەوتۆتە ژێر کاریگەری فەلسەفی یۆناییەوە.
پاشان دەڵێت:
بیرکردنەوەی خۆرئاوا نەک تەنها پرسیارکەرە، بەڵکو لەهەمانکاتدا وەڵامێکە کە هەرجارە بناغەی بوون بە بەهایەکی دیکەوە پەیوەست دەکات. 267
دواتر لە جیاوازی ئەم دوو قووتابخانەیە دەدوێت و دەڵێت:
بیرکردنەوەی ئاسیایی خۆی لە شتەکان دوور نەدەخستەوە، بەڵکو لەناویاندا نغرۆ دەبوو، لەبەرئەوە بەدیهیترین پڕەنسیب بریتی بوو لە رزگاری. لەبنەڕەتیشدا تەواوی بیرکردنەوەی ئاسیاوی « ئیسلامی لێدەربچێت کە کەوتە ژێر کاریگەری فەلەسەفی خۆرئاوا» هەموویان ئامانجیان ئایینی رزگاری، ئیشراق و رێگای دانایی و پاکێتییە، بەپێچەوانەوە بیرکردنەوەی فەلسەفی کە دیاردەیەکی لەسەدا سەد خۆرئاوایییە. 267
ناسیۆنالیزم
خاڵێکی تر کەمایەی سەرنجم بوو تێڕوانی نووسەرە بۆ فکرەی ناسیۆنالیزم، داریوش شایگان پێی وایە، فکرەی ناسیۆنالیزم فکرەیەکی نامۆیە بە شارستانی ئاسیاویی، لەلایەکی ترەوە فکرەی ناسیۆنالیزم بەوە تاوانبار دەکات کە رێگای خۆشكردووە بۆ بڵاوبوونەوەی فکرەی خۆرئاواییی و یان وەکو خۆی دەڵێت : لەرێگەی فکرەی ناسیۆنالیزمەوە، خۆرئاوازەبوونی لەئاسیادا تەشەنەی کرد. 79»
لەلایەکی ترە پێی وایە جگە لە « ژاپۆن» کە ناسیۆنالیزم تێیدا سەرکەوتووبوە، لە شارستانییەکانی تر بیری ناسیۆنالیزم نەیتوانییەوە ئەو گەشەیە بکات.
دەشڵێت « ئیسلام بازنەیەکی گەورە بوو کە هەموانی دەگرتەوە « ناسامەی ئێرانی، عەرەب و تورک» حوکمی بازنەگەلێکی بچووکتریان هەبوو کە لەناو بازنە گەورەکاندا پێکەوە دەبوونە یەک و دەنگی تایبەتی خۆشیان دەپاراست . ل 87
ماوتستیونگ و غاندی
ماتوستیونگ رابەری مەزنی چین و غاندی رابەری مەزنی هیندی ، بوونەتە مایەی گرنگی نووسەر، لەهەمانکاتیشدا تێڕوانینی جیاوازی بۆهەریەک لەم دوو کاریزما مەزنەی ئاسیاش هەیە.
لەمبارەیەوە نووسەر دەڵێت: رەنگە بکرێت چارەنووسی ئاسیا لە چارەنووسی دوو پیاوی گەورەی هاوچەرخ، واتە گاندی و ماودا ببینین. هەردووکیان رۆڵەی شایستەی سەردەمی خۆیانن،،،هەردووکیان پیاوانی چارەنووساز ئەوینداری سەرزەمینی خۆیانن.
بەڵام دواتر نووسەر جیاوازی فکریی و سیاسیی ئەم دوو پیاوە مەزنەی ئاسیا دەردەخات و دەڵێت :
یەکێکیان بەهیندۆیی مایەوەو ئەویدیکەشیان رزگاری وڵاتەکەی لە هەڵبژاردنی دواهەمین چەکی خۆرئاوا دیتەوە.ل76 ،،، لێرەدا مەبەستی نووسەر مارکسیزمە،چونکە ئەو پێی وایە ئەم فکرەیەش ، فکرێکی نائاسیاوییە.
نووسەر بەچاوێکی رێزەوە سەیری گاندی دەکات و بەپیاوێکی گەورەی دادەنێت، چونکە لە کولتووری هیندی دوورنەکەوتەوە، لێ ماوتیستونگ بە پێچەوانەوە، مێژوویی چین و ناوچەکەشی بەرەو غەرەبزادەیی بردووە.
نووسەر دەڵێت: چین ئایینی خۆی گۆڕیوە، مارکسیزم تەنها ئامانجێکی سیاسی نییە، بەڵکو ئاینێکە،،،ل 74. دیارە ئەمەش بۆچوونی تایبەتی نووسەرە.

سەرنج
دیارە لەگەڵ ئەوەشدا کە داریوش شایگان یەکێکە لە بیرمەندە گەورەکانی ئێران و خاوەنی کۆمەڵێک بەرهەمی گرنگە، لێ ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت کە ئێمە کوێرانە دوای بۆچوونەکانی بکەوین و بەچاوێکی رەخنەگرانەوە سەیری بەرهەمەکەی نەکەین. لێرەدا هەوڵ دەدەم چەند سەرنجێکی خێرای خۆم لەبارەی ئەم کتێبەوە بخەمە روو.
زاڵبوونی رۆحی ناسیۆنالیزمی ئێرانی
من زۆر لەگەڵ ئێرانی برادەریی و هەڵسووکەوتم کردووە هەروەها کتێبی زۆرێک لە نووسەرە کۆن و نوێکانیشیم خوێندۆتەوە، لێ ئەوەی جێگەی سەرنجەم بوو، بە چەپ و راست، بە لیبڕال و ئیسلامیانەوە، هەموویان رۆحێکی ناسیۆنالیزمی فارسیان تێدا زاڵە. ئەمەشم لەم کتێبەی داریوش شایگاندا بەدیکرد، هەرچەندە داریوش شایگان جیاواز لە فارسە ناسیۆنالیزمەکانی تر، کە ئەوان دژی ئیسلام و قۆناغی ئیسلامی ئێرانن، بە قۆناغێکی تاریکی ئێرانی دادەنێن، لێ ئەم بە پێچەوانەوە، دەڵێت: ئێران رۆڵی سەرەکی گێڕاوە لە شارستانی ئیسلام دا. تەنانەت توندڕەوتریش چووە، ئەو پێی وایە، ئەوە تەنها ئێرانە بەشداری فعلی هەبووە لە شارستانی ئیسلامدا. ئەمەش نەک لە رووی فکریەوە، بگرە لە رووی ئەکادیمیشەوە هەڵەیەکی گەورەیە، ئاخر خۆ دەبێت ئەوە بزانین، جارێک پێش هەموو شتێک ئەم ئایینە لە نیمچە دوورگەی عەرەبەوە هاتووە، پێخەمبەرەکەی عەرەب بووە، کتێبە پیرۆزەکەی بە زمانی عەرەبی نووسراوە. ئیتر چۆن دەتوانین نکوڵی عەرەب بکەیت؟! . پاشان مێژووی هەزاران ساڵەی ئیسلام، کە سەدان نەتەوە و ئێتنی جۆراجۆر لەخۆ دەگرێت، هەریەکیان بەشداری لە شارستانی ئیسلام کردووە، بە بڕوای من قەتیسکردن و کورتکردنەوەی شارستانی ئیسلامی تەنها لە ئێراندا، هەڵەیەکی کوشندەیە کە نووسەر تێیکەوتووە.
دژایەتیکردنی توریست و» گەشتیاری»
یەکێک لەسیما باشەکانی گلۆبالیزم بەهێزبوونی کەرتی توریستی « گەشتیاری» ییە لە جیهاندا. دیارە ئەمەش لە چەند لایەکە باشە بۆ مرۆڤایەتی ، لەرووی ئابوورییەوە داهاتێکی باشە بۆ گەلانی جیهان بەتایبەتی جیهانی سێهەم، هەروەها ژمارەیەکی زۆری هەلی کاریش دەرەخسێنێت، کە لە رووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە سوود بەگەلان دەگەیەنێت، لەرووی دیالۆگی نێوان کلتوورە جیاوازەکانیشەوە، کاریگەری باشی هەیە، گەلان و شارستانییە جیاوازەکان بە یەکتری دەناسرێن و لەو دێوزمە نامۆییە لەیەکتری رزگاریان دەبێت. کەچی ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە نووسەری ئەم کتێبە زۆر دژی کەرتی توریستییە و دەڵێت: توریست دواهەمین بەڵایە کە هەڕەشە لە شارستانییە زیندووەکان دەکات. ل 98، نووسەر بۆ ئەم تێڕوانینە سەیروسەمەرەشی هانا بۆ هۆکارێکی زۆر لاواز دەبات و دەڵێت: شیمانەی ئەوە دەکرێت، کە شارستانییە ئاسیاییەکان وردە وردە جێی مۆزەخانە بگرنەوە و بەکورتی شێوەی فۆلکلۆر وەربگرن. ئەمەش شیمانەیەکی زۆر دوورە لەراستییەوە.
بەهێزکردنی رۆڵی ئەڵمانیا
خاڵێکی تر کەبووە مایەی سەرنجم ، ئەو شەیداییە بێ سنوورەیە کە داریوش شایگان بە ئەڵمانیا هەیەتی، ئەوە راستە ئەڵمانیا کۆمەڵێک فەیلەسووفی گرنگی گەورەی بەرهەم هێناوە لێ ئەمە مانای ئەوە نییە کە هەوڵ و داهێنانەکانی نەتەوەکانی تری ئەوروپا نەفی بکەتیتەوە.
داریوش شایگان دەڵێت: پەیامی بیرکردنەوەی خۆرئاواییی لە چەرخی نوێدا هی ئەڵمانییەکانە.. ل 24. ئەمەش لەرووی مێژوویی و ئەکادیمییەوە هەڵەیە، چونکە قەتیسکردنی فکروفەلسەفەی نوێی ئەوروپا لە وڵاتێکی وەکو ئەڵمانیا، هەڵەیەکی گوەرەیە. بەڵام پەلەتان نەبێت، پاشتر هەر نووسەر خۆی دەڵێت: فکرەی هاوچەرخی ئەورپا لە گوومانەکانی دیکارتەوە دەستیپێکرد.
بە بڕوای من نووسەر لە هۆگریی و شەیدابوونی بە قوتابخانەی ئەڵمانی، زیاد لەپێویست بووە.
فکری رۆژئاوا و مەسیحیەت
خاڵێکی تر کەمایەی سەرنجم بووە، دابەشکردنی تەواوی بیرمەندە ئەورپییەکان بوو بەسەر ئاینی مەسیحیدا، نووسەر دەڵێت :
بیرمەندە ئەوروپییەکان بەرلەوەی « ریالیست « بن یان « ئایدیالیست « ی چەپی یان راستی بن ، یان هەر « ئیست» ێکی تر، هەر مەسیحین . ل261
ئەم قسەیەش بە بڕوای من هەڵەیەکی گەورەیە، چونکە بەگشتی فکرەی چەپ ، تەواو پێچەوانەی نەک ئاینی مەسیحییە ، بگرە دژی هەموو ئاینێکیشە.
دوا قسە
بەدڵنیاییەوە گەر بمانەوێت قسە لەبارەی ئەم کتێبەوە بکەین زۆرمان دەوێت، راستە من چەند سەرنجێکم لەسەر نووسەر هەبووە، لێ ئەم کتێبە یەکێکە لەو کتێبانەی کە پێویستە خوێنەری کورد بیخوێنێتەوە، چونکە زانیاری زۆر گرنگی لەبارەی فکرو فەلسەفەی ئاسیاویی و ئەوروپا باسکردووە.
دووبارە دەستخۆشی لەهەردوو برای وەرگێڕمان دەکەین، بەراستی کارێکی باشیانکردووە، ئەم کتێبەیان وەرگێراوەتە سەر زمانی کوردی، دەستیانخۆشبیت.

سەرچاوە:
داریوش شایگان . ئاسیا لەبەرامبەر خۆرئاوا. وەرگێرانی لەفارسیەوە: شۆڕش جوانڕۆییی، مامەند رۆژە. چاپی یەکەم. خانەی وەرگێڕان. سلێمانی .2004

 

پەیوەندی

بۆ پەیوەندی کردن بە بەرێوەبەرایەتی تۆڕی هەواڵی هەولێر ئەو ئیمێل و ژمارە مۆبایلانەی خوارەوە بەکاربێنە

  • ناونیشنا : عێراق - هەولێر - بەرامبەر نەخۆشخانەی سەنتەری دڵ

  • ئیمێل : عنوان البريد الإلكتروني هذا محمي من روبوتات السبام. يجب عليك تفعيل الجافاسكربت لرؤيته.

  • ماڵپەر :٠٠٩٦٤٧٥٠٤٥٤٧٩٣٧

    ماڵپەر : ٠٠٩٦٤٧٥٠٤٦٦١٧٤٥