بەژداری پێ کردنی هەواڵ لە

FacebookTwitterGoogle BookmarksRSS Feed

فایلەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە ساڵی تازەدا

09 کانونی دووەم 2018

ئاماژە

فایلەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە ساڵی تازەدا

 فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌ 

 

ساڵی 2017 دوو شکستی گەورەی بۆ کورد بەجێهێشت. یەکێکیان شکستهێنانی ریفراندۆمە کە زۆر بە پەڕپوتی بەڕێوەچووە، ئەوی دیکەیان لە دەستدانی ناوچە جێناکۆکەکانە کە پێشتر دەوترا (سنوور بە خوێن دیاری دەکرێت) و (لێرە بە دواوە داوای جێبەجێکردنی ماددەی 140 ناکەین چونکە هەموویمان جێبەجێ کردوە).
بە دڵنیاییەوە، ئەم دوو شکستە کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر رەوتی داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەبێ، هەروەک دەشێ کاریگەریشی لەسەر رۆڵ و پێگەی داهاتووی کورد لە پرۆسەی سیاسی عیراقدا هەبێ.
ئەو ئەنجامەی کە کوردستان لە رووداوەکانی ساڵی پار پێی دەرچووە ئەوەیە کە دەستەبژێری سیاسیی فەرمانڕەوای کورد، بە پێچەوانەی ئەوەی کە ریکلامی بۆ دەکرا، دەستەبژێرێکی بە ئەزموون و بە توانا و شارەزا نییە، خوێندنەوەی دروستی بۆ ئەگەرەکان نییە، بڕیارەکانی سەرپێین و بە پلان و ئەجندای ورد و تاوتوێکراو کار ناکات. ئاکامەکەش ئەوەیە کە هەرێم پاش 27 ساڵ لە فەرمانڕەوایی ئەو دەستەبژێرە، بە سێکوچکەی شکستی سیاسی – ئابووری – عەسکەری گەیشتوە.
ساڵی تازە بۆ زۆر بابەت ساڵێکی یەکلاکەرەوە دەبێت و گومان هەیە دەستەبژێری سیاسیی شکستخواردوی ساڵانی رابردوو بتوانێ روبەڕوی ئاڵنگارە قورسەکانی پاش شکستی ریفراندۆم و لە دەستدانی ناوچە جێناکۆکەکان ببێتەوە.
لە خولی داهاتووی پەرلەمانی عیراقدا ژمارەیەک فایلی گرنگ یەکلا دەکرێنەوە، لە سەروی هەموویانەوە سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پەیوەندیی سیاسی – ئابووریی نێوان هەولێر و بەغدایە. پرۆسەیەک کە لە سایەی لاسەنگیی تەرازوی هێزدا بەڕێوەبچێ بە دڵنیاییەوە بە قەد ئەوەی کە پێویستە لە بەرژەوەندیی هەرێمدا نابێ و لەم پرۆسەیەدا بەغدا داوای (وەرگرتنەوەی) دەسەڵاتە (زەوتکراوەکانی) لە کوردستان دەکاتەوە، هەروەک نیوەی دەسەڵاتە هاوبەشەکانیشی خۆش نابێ.
لە وەرگرتنەوەکەدا پشت بە ماددەی 110ی دەستوور دەبەستێ و لە دەسەڵاتە هاوبەشەکانیش هانا بۆ ماددەی 114 دەبا. لە هەردووکیشیاندا داواکانی دەستوورین، بەڵام رەنگە بۆ رێکخستنەوەی پرۆسەکە پێویستی بە دەرکردنی یاسا و دیاریکردنی میکانیزمی گونجاو بێت.
ئەگەرێکی زۆر هەیە کە بەغداش لەو بڕوایەدا بێت کە نابێ چیتر ماددەی 140 بە هەڵپەسێردراوی بمێنێتەوە، بە تایبەتی لە بەر دوو هۆ. یەکێکیان ئەوەیە کە بەغدا لە پێگەیەکی بەهێزەوە قسە دەکا و تەنانەت لە هەندێ رووەوە باز بەسەر حکومەتی هەرێمدا دەدات، بە تایبەتی لە مەسەلەی دابینکردنی مووچەی هەموو یان بەشێکی کارمەندانی هەرێم، لە کاتێکدا کە ئەم ئەرکە بەپێی دەستوور و یاساکان لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمدایە نەک حکومەتی فیدراڵ، وەک ئەوەی کە 12 ساڵە حکومەتی هەرێم پیادەی کردووە.
هۆی دووەم ئەوەیە کە لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا، ئەگەر بەغدا خۆیشی داوای یەکلاکردنەوەی کێشەی سنووری مێژوویی نێوان کورد و عەرەب نەکات، کورد خۆی هەر داوای دەکات. دەبێ ئەوەش لە بەرچاو بێ، بەغدای ساڵی پار، لە کاتی گەرم و گوڕیی بانگەشەی ریفراندۆم، ئامادەبوو ساڵی داهاتوو (2018) کێشەی سنووریی مێژوویی نێوان کورد و عەرەب بە یەکجارەکی کۆتایی پێ بهێنێ، بەو مەرجەی کە کورد واز لە ئەنجامدانی ریفراندۆم بهێنێ.
لاوازیی دەستەبژێری فەرمانڕەوای کوردستان پاش شکستهێنانی ریفراندۆم، دەسکەوتەکانی جێبەجێکردنی ماددەی 140 کەمدەکاتەوە، بەڵام زیانەکانی مانەوەی ماددەکە بە هەڵپەسێردراوی زۆرترن. بۆیە بۆ کورد دەرچوون لە مەسەلەکە بە قازانجێکی کەمتر، چاکترە لە دەرنەچوون لێی بە هیچ قازانجێک، هەروەک ئەمەلە بەردەوامبوونی ململانێکە بۆ چەند ساڵێکی دیکە چاکترە.
فایلی سێیەم کە لە سەرەتای خولە تازەکەدا دێتەپێش، ئەندازەی بەشداریکردنی کوردە لە دەسەڵاتە فیدرالییەکاندا، کە ئەگەرێکی زۆر هەیە ئەویش، پاش شکستی ریفراندۆم، دابەزین بە خۆیەوە ببینێ. رەنگە لە خولی ئایندەدا سوننەکان پڕۆژە کۆنەکەیان زیندوو بکەنەوە کە پڕۆژەی داواکردنی پۆستی سەرۆک کۆمارە.
لە خولی دووەمی سەرۆکایەتی تاڵەبانیدا ئەمریکا و تورکیاش پشتگیریان لە داوای سوننەکان کرد، بەڵام یەکڕیزیی ئەو کاتەی کورد هەوڵەکەی پوچەڵ کردەوە و پۆستەکەی بۆ کورد هێشتەوە. ئێستا گومان هەیە لە سایەی پەرتەوازەیی بەرەی ناوخۆییدا، کورد بتوانێ ئەم پۆستە بۆ خۆی بهێڵێتەوە. بۆیە ئەگەر ئەم پۆستە لە دەست کورد دەرچێ، گەورەترین پۆست کە لە سیستمی سیاسیدا بەر دەکەوێ، پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقە.
ئەمە هەمووی بەسەر یەکەوە تەنها یەک مانای هەیە، ئەویش ئەوەیە کە کورد لە سۆنگەی سەرکەشییەکی ژێرکەوتووەوە، بەشێکی زۆری لە دەستکەوتە بەدەستهێنراوەکانی لە دەست دەدا و هەرگیز ئەو پێگەیەی بە دەست نایەتەوە کە لە سەردەمی سەرۆکایەتی تاڵەبانیدا لە بەغدا هەیبوو.

 

پەیوەندی

بۆ پەیوەندی کردن بە بەرێوەبەرایەتی تۆڕی هەواڵی هەولێر ئەو ئیمێل و ژمارە مۆبایلانەی خوارەوە بەکاربێنە

  • ناونیشنا : عێراق - هەولێر - بەرامبەر نەخۆشخانەی سەنتەری دڵ

  • ئیمێل : عنوان البريد الإلكتروني هذا محمي من روبوتات السبام. يجب عليك تفعيل الجافاسكربت لرؤيته.

  • ماڵپەر :٠٠٩٦٤٧٥٠٤٥٤٧٩٣٧

    ماڵپەر : ٠٠٩٦٤٧٥٠٤٦٦١٧٤٥