کامەران عومەر لە نوێترین دەرکەوتنیدا مەقامێکی عاشقانە دەڵێت Featured

كانون2/يناير 15, 2019

پاش ماوەیەکی زۆر لە دەرنەکەوتن و بڵاونەکردنەوەی هیچ بەرهەمێکی هونەریی، هونەرمەندی گۆرانیبێژ کامەران عومەر لە گرتە ڤیدیۆییەکدا لەگەڵ هونەرمەند سامان عومەری برایدا دەردەکەوێت گۆرانی دەڵێت.

گرتە ڤیدیۆییەکە لەکاتی ئامادەکاری و وێنەگرتنی ریکلامی کۆنسێرتەکەی خۆی و سامان عومەری برایدا لە هۆڵی سپی تۆمارکراوە.

گرتە ڤیدیۆییەکە لەلایەن سەمەد هەورامی بەڕێوەبەری رێکخراوی هایما وە تۆمارکراوە، ئاماژەی بەوەکردووە ئەو مەقامەی کامەران عومەر یەکێکە لەنوێترین بەرهەمەکانی و لە کۆنسێرتەکەدا لە ١ی ٣ لە هۆڵی سپی پێشکەشی دەکات.

لە لێدوانێکدا ، سەمەد هەورامی بەڕێوەبەری رێکخراوی هایما ئاماژەی بەوەکرد، کۆنسێرتێکی گۆرانی و میوزیک بۆ هەردوو هونەرمەندی گۆرانیبێژ سامان عومەر و کامەران عومەری برای سازدەکەن، کۆنسێرتەکە بەسپۆنسەری میدیایی نالیا، لە ١ی ئازاری ٢٠١٩ لە هۆڵی سپی لەشاری سلێمانی سازدەکرێت و بەشێک لە داهاتی کۆنسێرتەکە بۆ کاری خێرخوازیی تەرخان دەکرێت، لە ئێستادا زۆرێک لەکارەکان و ئامادەکارییەکانی کۆنسێرتەکە جێبەجێکراوە.

 

لەکاتی راگەیاندنی کۆنسێرتەکەیاندا هونەرمەند کامەران عومەر لەبارەی کۆنسێرتەکەوە ئاماژەی بەوەکرد، دەمێکە حەزدەکات لەگەڵ سامانی برایدا پێکەوە کۆنسێرتێک سازبکەن، وەک پێشتر بەڵێنیان بە هەوادارەکانیان داوە لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا کۆنسێرتەکە سازدەکەن.

هونەرمەند سامان عومەر لە کۆنفرانسە رۆژنامەنووسیەکەدا رایگەیاند "دەمێکە ئەم پڕۆژەیەمان گەڵاڵەکردووە، دواجار بڕیارماندا  لەگەڵ رێکخراوی هایما پڕۆژەکە بخەینە بواری جێبەجێکردنەوە، چالاکییەکەی ئێمە ئاهەنگ و کۆنسێرتێکی بێلایەنە هەر کەس و لایەن و کەناڵێک هاوکاری کۆنسێرتەکە بکات سوپاسیان دەکەین، سوپاسی کەناڵی ئێن ئاڕ تی دوو دەکەین کە هەر لەئێستاوە رێگا خۆشکەربوون ئەرکەکەی خستووەتە سەرشانی خۆی و سوپاسیان دەکەین".

سامان عومەر ئەوەی خستەڕوو کە بەشێکی زۆر لە داهاتی کۆنسێرتەکە بۆ خێرخوازی دابین دەکرێت، بۆ لایەنی مرۆیی.

ئەو هونەرمەندە لەبارەی پەیامی کۆنسێرتەکەیانەوە وتی: پەیامی ئێمە ڕوونە بەوەی کە ئاشتبوونەوەی هونەر و مۆسیقا و گۆرانی بۆ کوردستان گرنگە، ئەگەر پێشوازی گەرمی لێکراو سەرکەوتووبین ئەوکاتە لەشارەکانی تری کوردستان و بەتایبەت لە کەرکوک کۆنسێرت سازدەکەین.