لە مەهاباد یادی ڕەسوڵ نادری کرایەوە Featured

كانون2/يناير 15, 2019

لە شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەژێر ناوی هەوارگەی موکریان، یەکەمین فێستیڤاڵی ناوچەیی مۆسیقای فۆلکلۆری کوردی بۆ یادی هونەرمەندی میللی ڕەسوڵ نادری سازکرا.

شۆڕش مەعرووفی بەڕێوەبەری کارەکانی فێستیڤاڵەکە بە ئاژانسی میهری راگەیاند، هەوارگەی موکوریان لە سێ بەشی "بەیت و حەیران"، مۆسیقای فۆلکلۆر" و "ئامێری فۆلکلۆر" پێکهاتبوو کە لە بەشی یەکەمدا هونەرمەندانی وەک مام خدر قادری (خلە دەرزی)، مام ڕەسووڵ قارەمانی، مام ڕەسووڵ ڕەحمانی، قادر غەریب، عەزیز عەلی سوور، دەروێش ڕەحمان، عەبدوڵڵا و بایز بەختوو و سەڵاح خزری بەرهەمەکانی خۆیان پێشکەشکرد.

مام ڕەسووڵ ڕەحمانی بە ٩٦ ساڵ تەمەنەوە بە چەند زمانی کوردی، ئەرمەنی، عیبری وحەیران و فۆکلۆر گۆرانی دەڵێت لە بەشی ئاواز و مۆسیقای فۆلکلۆر، ئامادەبووان گوێبستی بەرهەمە ناوازەکانی هونەرمەندان ئیبراهیم قادری، عەلی گڵێنانی، سەید ئیبراهیم سەقزی، محەمەد خەلیفانی، محەمەد ناهید و ڕەحیم سەردەشتی بوون.

لە بەشی ئامێرە نەریتی و فۆلکلۆرییەکانیشدا هونەرمەندان عوسمانە سوور، قودرەت ئاغایی، حەمزە شەریفی، محەمەد قەرەبلاغی، سولەیمان وەستا قادری، جەعفەر بەربەست، خالد نادر پوور، موراد حەبیبی، ڕەحمان پیرانی، لوقمان شەنگە، عەلی مستەفا ئازەر، عەبدوڵڵا بەقەوەت و لوقمان ئیسماعیلی بە ژەندنی ئامێرەکانی نەرمە نای، شمشاڵ، دیوان، دەهۆڵ و سورنا و هەروەها ئامێرە بەڕۆژەکانی وەک ڤیلۆن و ئۆرگ کەشێکی تایبەتیان دروستکرد.

لەگەڵ جەعفەر ئەمینی بە نوێنەرایەتی لە بنەماڵەی مامۆستا محەمەد ماملێ و سەنتوور ژەندنی ئاوان مستەفاپووری ٦ ساڵە وەک بەشی دەرەکی، ڕێز گیرا لە هەوڵی چەندین ساڵەی مامۆستای پێشەنگ خدر ڕەش ئەحمەدی وەک میوانی تایبەتی فێستیڤاڵەکە.

 

ڕەسووڵ نادری لە ١٧ی ئەیلوولی ٢٠١٨ لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا لە مەهاباد کۆچی دوایی کرد، یەکێکە لە هونەرمەندە ناسراوەکانی بواری فۆلکلۆری کوردی کە بەرهەمێکی زۆری لە بواری "حەیران"، "لاوەک"، "بەستە و گۆرانی" تۆمار کردووە و بە گێڕانەوەی قسەی خۆش و نەقڵ و نەزیرەی کوردەواری، کۆمەڵێک بەرهەمی بە نرخی لە دوای خۆی بە جێهێشتووە و خزمەتێکی گەورەی بە ئەدەبی زارەکی کوردی کردووە.