لە شاگردیەوە بووە خاوەنی خەڵاتی ئۆسکار Featured

شباط/فبراير 27, 2019

ئەو ئەکتەرەی بووە خاوەنی خەڵاتی ئۆسکار، بە قەرز خوێندن تەواو دەکات، بەڵام ئێستا خاوەنی زیاتر پێنج ملیۆن دۆلارە.

رامی سەعید مالیک لە ساڵی 1981 لە لۆس ئەنجلۆس لە دایک و باوکێکی میسری لەدایکبووە، باوکی پێشتر لە قاهیرە رێبەری گەشتیاری بووە و دایکی لە ژمێریاریدا کاریکردووە، دواتر بەرەو ئەمەریکا کۆچ دەکەن.

تا تەمەنی چوار ساڵی رامی بە زمانی عەرەبی گفتوگۆی کردووە، چونکە لە ماڵەوە بووە لەگەڵ خێزانەکەی، لەدوای تەواوکردنی قۆناغەکانی بنەڕەتی و چوونی بۆ قۆناغی دواناوەندی هاوپۆل دەبێت لەگەڵ هەردوو ئەکتەری ناسراو رایتچل بێلسن و کیرستین دانست.

هەرچەندە دایک و باوکی رامی حەزدەکەن کوڕەکەیان ببێتە پارێزەر، بەڵام دواتر مامۆستاکەی هەستدەکات ناوبراو بەهرەی نواندنی هەیە، هاندی دەدات کە بەشداری شانۆییەکان بکات، ئەمەش دەرگای بۆدەکاتەوە بەرەو کاری هونەری بڕوات.
رامی دەبێتە شاگرد لە دوکانێکی شاورمە و لەهەمانکاتدا کاری گەیاندنی پیتزا دەکات، دواتر بە پارەی قەرز هەوڵدەدات خوێندنەکەی تەواوبکات لە کۆلێژی هونەر بەشی نواندن.

رامی رۆڵی لە چەندین فیلم و درامای تەلەفیزۆنیدا بینیوە، بەڵام کاتێک رۆڵی سەرەکی بینی لە فیلمی " Bohemian Rhapsody" بۆ یەکەمجار پاڵێورا بۆ خەڵاتی ئۆسکار، توانی خەڵاتی باشترین ئەکتەر بەدەستبهێنێت، ئێستا خاوەنی زیاتر لە پێنج ملیۆن دۆلارە.