هەڵکەوت زاهیر: هیچ گەورە هونەرمەندێکی عەرەب نییە کارم لەگەڵ نەکردبێت Featured

تشرين2/نوفمبر 15, 2018

لە ئەڵقەیەکی نوێی بەرنامەی بێ سنوردا کە ئەمشەو لە کەناڵی ئێن ئاڕ تی پەخشکرا، هەڵکەوت زاهیر ئاماژەی بەوەدا کە کاری لەگەڵ هەموو ئەو گەورە هونەرمەندانەی عەرەب کردووە کە لە ژیاندا ماون.

هونەرمەند و ئاوازدانەر هەڵکەوت زاهیر لەوبارەیەوە وتی، "هیچ هونەرمەندێکی عەرەب نییە کە لە ژیاندا بێت و کارم لەگەڵ نەکردبێت، وەك (فەیروز، نەجات سەغیرە، مەیادە حەناوی، سەمیرە سەعید) کە ناوی گەورەی مێژووی گۆرانی عەرەبین."

ئاماژەی بەوەش کرد، جگە لە موزیکەکانی هەڵکەوت زاهیر هیچ موزیکێکی کوردی دیکە نەیتوانیوە سنوری کوردستان ببڕێت و هیچ مۆسیقارێك نەیتوانیوە ببێتە یەکەمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشترین بێت، بەڵام موزیکەکانی ئەم ئاوازدانەرە پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە لە ساڵی ٢٠١٢دا، هەروەها سێ جار بە باشترین ئاوازدانەر هەڵبژێردراوە  و یەکێك لە کارەکانی کە بۆ سەمیرە سەعید کردوویەتی حەوت خەڵاتی نێودەوڵەتی پێ دراوە.

ھەڵکەوت زاھیر ساڵی ١٩٧٢ لە سلێمانی لەدایکبووە، ساڵی ١٩٩٢ پەیمانگای هونەرە جوانەکانی تەواوکردووە، لە پەیمانگاکانی ئەڵمانیا درێژەی بە خوێندنی موزیک داوە. ئاوازدانەرێکی ناسراوی کوردە، پێشتر ڕاوێژکاری ھونەریی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بووە. بەهۆی کارەکانییەوە ناوبانگێکی زۆری پەیداکردووە. کاری هونەری و ئاوازدانانی بۆ زۆرێک لە گۆرانیبێژەکان کردووە. جگە لەوە کاری ئاوازدانانی بۆ زۆرێک لە هونەرمەندانی کورد و عەرەبی عێراقی و سوری کردووە. تا ئێستا چەندین گۆرانیبێژ لەسەر دەستی ئەو دەرکەوتوون وەک (دڵنیا ڕەزازی، باخان، هەڵدێر، لۆکە، دەشنێ، ناسلی، نیلیسا، شانیا، میرا، دینە). خەڵاتی (ئەرو – ئیستەنبوڵ)ی وەک باشترین موسیقی بۆ ساڵی ٢٠١٢ پێ بەخشراوە.

بێ سنور، بەرنامەیەکی سەرنجڕاکێشی وەرزی نوێی ئێن ئاڕ تی-ە کە لەلایەن ئامانج بابانی پێشکەشدەکرێت. تیایدا دیاردە و حاڵەتە نادیار و شاراوەکانی نێو کۆمەڵگە دەخاتەڕوو و گفتوگۆیان لەبارەوە دەکات.