هەردی سەلامی لەبارەی کچی ناو کلیپەکانییەوە چیدەڵێت؟ Featured

تشرين2/نوفمبر 24, 2018

گۆرانیبێژ هەردی سەلامی لە چاوپێکەوتنێکی دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی دا ئاماژە بە کۆنسێرتەکەی و پەیوەندی نێوان خۆی و ئەو کچە مۆدێلە دەکات کە لە کلیپەکانیدا ڕۆڵدەبینێت.

لەبارەی کۆنسێرتەکەیەوە هەردی ئەوەی باسکرد کە لەکۆنسێرتەکەدا تەواوی بەرهەمەکانی دەڵێتەوە لەگەڵ هەندێک سوپرایز کە بەلای هەوادارەکانییەوە خۆشبێت و هەوڵدەدەن باشترین کۆنسێرت پێشکەشبکەن.

دەربارەی هۆکاری هاتنە ناو بواری گۆرانیوتن دەڵێت، "ناوبانگبوون خەونی زۆر کەسە، بەڵام من هۆکاری ترم هەبوو بۆئەوەی گۆرانی بڵێم، گوێ لە هەموو گۆرانییە نوێیەکان دەگرم و چێژیان لێوەردەگرم، هیوادارم گۆرانییەکانی منیش جێگەی ڕەزامەندی خەڵکی بێت."

هەردی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژە بە گۆرانییە نوێیەکەی "شوشەی دڵ" دەکات، کە بەلایەوە باشترین گۆرانییەتی و زۆربەی مەرجەکانی گۆرانییەکی تەواوی تێدایە، بەڵام گۆرانی "بۆ تۆ دەژیم" بە خۆشترین گۆرانی خۆی دەزانێت.

هەردی سەلامی لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا هیچ پەیوەندییەک لە نێوان خۆی و ئەو کچە مۆدێلەدا هەیە کە لە زۆربەی کلیپەکانیدا رۆڵدەبینێت، لەگەڵ ئەو دەنگۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەریان دەوترێت، ناوبراو نە وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوە و نە ڕەتیکردەوە و نە پشتڕاستی کردەوە و تەنها وتی "من هیچ شتێک ناڵێم."

هەردی سەلامی، لە ساڵی ١٩٨٧ لە سلێمانی لەدایكبووە، دەرچووی بەشی شانۆیە لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان، سەرەتا وەك دەرهێنەر کاریکردووە و ماوەیەکە دەستی بە گۆرانی وتن کردووە و چەندین گۆرانی و ڤیدیۆ کلیپی هەیە.