سوودەکانی درەنگ لەخەوهەستان Featured

كانون1/ديسمبر 27, 2018

بەشێک لە هەرزەکاران و منداڵان بێبەشن لە نوستنی پێویست بۆ تەندروستی جەستە و دەروون.

توێژینەوەیەکی ئەمریکی لە گۆڤاری زانستی "ساینس ئەدڤانسز"دا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بە سوودە تەندروستییەکانی درەنگ هەستان و نوستنی پێویست بۆ هەرزەکار و منداڵان بە گشتی کردووە.

پزیشک و زانایانی دەروونیی زانکۆی واشنتنی ئەمریکی لە توێژینەوەیەکدا ئاماژەیان بە کاریگەرییە ئەرێنییەکانی خەوتنی پێویستیان کردووە بۆ سەر هەرزەکاران و منداڵان، و دەریانخستووە کە کاریگەری هەیە لەسەر زیادبوونی نوستنی پێویست و ئاستی ژیری و بەئاگاییبوونیان لە کاتی وانەکانی خوێندنگادا.

زانیان بەبەکارهێنانی هەستەوەرێک بۆ چاودێریکردنی ڕێژەی هۆڕمۆنی مێلاتۆنین کە بەرپرسە لە سوڕی نوستن ئەو توێژینەوەیان ئەنجامداوە، بۆیان دەرکەوتووە کە ئەو بەژداربووانەی کە درەنگ لە خەو هەڵدەستن، واتە لە دوای کاتژمێر ٨:٤٥ لەخەو هەڵدەستن، ماوەی نوستنیان لە (٦ کاتژمێر و ٥٠ خولەک بۆ ٧ کاتژمێر و ٢٤ خولەک) زیادیکرد.

زاناکان ئاماژەیان بەوەکردووە بۆ ئەوەی خوێندکاران سوود لە کاتەکانی نووستن وەربگرن، پێویستە کاتی دەستپێکردنی دەوامی خوێندنگەکان درەنگ بخرێت بۆ ئەوەی سوڕە سروشتییەکانی نوستن بۆ منداڵان و هەرزەکاران بەتەواوی فەراهەم ببێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، پاش ساڵێک لە هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دواخستنی کاتەکانی دەوام، لە ئەمریکا چەند خوێندنگایەک کاتی دەستپێکردنی دەوامی بەیانیانیان دواخستووە.