ئایا هەویری ڕەش بۆ ددان شۆردن تەندروستە؟ Featured

أيار 15, 2019

لێکۆڵینەوە پزیشکییەکان ئەوەیان سەلماندووە کە هەندێک لە خەڵکی بەهەڵە هەوریری رەشی ددان شۆردن بەکاردەهێنن و بەکارهێنانی زیانی تەندروستیی لێدەکەوێتەوە.

لەو لێکۆڵینەوەیەدا ئەوە خراوەتەڕوو هەویری رەشی ددان نەک سیفاتی سپیکردنەوەی ددانی تێدانییە، بەڵکو بەکارهێنانی دەبێتە هۆی هەستیارێتی ددانەکان و کێشەکانی پووک هەروەها دروستکردنی خاڵ و شوێنەواری خراپ بۆ ددانەکان.

لێکۆڵینەوەکان پەردە لەسەر ئەو چیرۆکە ئەفسانەییە لادەدەن کە لە بازارەکاندا بەمجۆرە دەرمانە دەوترێ سپیکەرەوە و دژە- بەکتریا، لە ڕیکلامەکاندا بەوە دەیناسێنن کە لابەری پەلە و خاڵی رەشی ددانەکانە.

بەکارهێنانی خەڵوز بۆ سپیکردنەوەی ددانەکان شتێکی نوێ نییە، لە یۆنانی کۆندا  چەندینجار خەڵوزیان بەکارهێناوە بۆ مەبەستی سپیکردنەوە و لابەری خاڵی ڕەشی ددان و پاکڕاگرتن یاخود بۆ نەهێشتنی بۆنی ناخۆشی دەم بەهۆی نەخۆشییەکانی پووکەوە.

دەرمانی ددانی خەڵوزی بەدرێژایی ساڵانی رابردوو لە نێوان وڵاتانی وەک بەریتانیا، ئەمریکا، ژاپۆن، هیند، تایلاند، لیتوانیا، ئوسترالیا، هۆنکۆنگ، چین، کۆریا و سویسرا سەرنجی خەڵکانێکی زۆری بەلای خۆیدا ڕاکێشا بوو.

بەڵام ئێستا لێکۆڵەرەوانی پزیشکیی لە زانکۆی مانچستەر، دوای ١٥ لێکۆڵینەوە لەسەر دەرمانی ددانی کە خەڵوز لە پێکهاتەیدا هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو زانیاریانەی کە خەڵک دەیانزانی لەسەر ئەم دەرمانە. ئەنجامەکە ئەمە بوو کە بەناوبانگی ئەم دەرمانی ددانە لەسەر ئاستی مارکێتینگی بازار و ڕیکلامەکانە وا بەمشێوەیە پەرەی سەندووە.

لە ماڵپەڕی خەبەر ئۆن لاین ئاماژە بەوەکراوە، دکتۆر جۆزیف گرینواڵ کۆهن کـــــــە ڕێکخەر و سەرپەرشتیاری ئەم پرۆژەیە دەڵێت:  بانگەشەو ڕیکلامی ئەوەی ئەم جۆرە دەرمانی ددانە کە سیفاتی  دژە بەکتریا و دژە کەڕوو و سپیکەرەوەن بێ بنەما و ناڕاستن.

کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ئەم دەرمانانە بە سوود وەرگرتن و یاریکردن بە وشەکان ڕیکلامی بۆ دەکەن، لێکۆڵینەوەی ساڵی ٢٠١٧ ئەوەی خستەڕوو کە ٨٨% ڕیکلامی دەرمانی ددانی ڕەش لەلایەن ئەم کۆمپانیایانە بە سوود وەرگرتن لە وشەکانی وەک "دۆستی ژینگــە " و "ڕووەکی" و "سروشتی" هەروەها وشەگەلێکی تر، ٥٤% ڕیکلامەکان یەکێک یان دووان لەم وشانەیان بەکارهێناوە بە بەردەوامی و هەروەها وێنەی سەرنجڕاکێشیان بەکاردەهێنا.