توێژینەوەیەک هۆکارەکانی کەمبوونەوەی ئەگەری دووگیانبوون ئاشکرادەکات Featured

تشرين1/أكتوير 04, 2018

بەپێی نوێترین توێژینەوەی زانستیی کە کۆمەڵێک زانا لە زانکۆی بۆستنی ئەمریکی ئەنجامیانداوە دەرکەوتووە، کارکردنی زۆر و ماندوێتی و پابەندبوون بە هەندێک پەیوەستبوونی خێزانی کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی ئەگەری دووگیانبوون هەیە.

ڕووسیا تودەی بڵاویکردووەتەوە، توێژەران پشتیان بە پێنج هەزار ئافرەت بەستوە کە هەوڵی دووگیانبوونیانداوە، لە ئەنجامدا دەرکەوتووە ئەو ئافرەتانەی کە زۆر ماندوون و پاڵەپەستۆی دەروونیی و خێزانیی زۆریان لەسەرە، چانسی دووگیانبوونیان بە ڕێژەی لە ٢٥% کەمیکردووە.

ئەمیلیا ویسیلینک سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە ڕایگەیاند، ئەو ئافرەتانەی دەیانەوێت دووگیانبن دەبێت لەژێر چاودێریی تەندروستیی باشدابن و هاوسەنگی لە نێوان ژیانی کار و ژیانی کۆمەڵایەتیی و خێزانییدا ڕابگرن.

دەشڵێت، "لەگەڵ ئەوەشدا مەرج نییە بەپێی ئەم توێژینەوەیە تەنها ماندوێتی زۆر هۆکاربێت بۆ نەزۆکیی لە ئافرەتاندا، بەڵکو بەڵگەیەکە بۆئەوەی ئافرەتان پارێزگاری لە تەندروستیی مێشک و دەروونیان بکەن و باشترە ئاگاداری خۆیان بن تا هۆکارەکانی دووگیاننەبوونیان کەمبکەنەوە."

توێژەران بۆ ماوەی ١٢ مانگ چاودێری پیاوانیشیان کردووە کە رۆڵیان هەبووبێت لە کەمبوونەوەی چانسی دووگیانی بەهۆی ماندوێتییەوە، بەڵام لە کۆتاییدا دەرکەوتووە کاریگەرییەکە زیاتر لەسەر ئافرەتانە نەک پیاوان.

لە کۆتاییدا توێژەران بۆیان دەرکەوتووە، پەیوەندی نێوان ماندوێتی و نەزۆکی بە شێوەیەکی گشتیی بەهێزترە لە ئافرەتاندا، زیاتریش لەو ئافرەتانەی تەمەنیان لە خوار ٣٥ ساڵییەوەیەو ماندوێتی و خۆهیلاککردنی زۆر کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی ئەگەری دووگیانییان هەیە، بەتایبەتتر ئەگەر لەژێر پەستانی دەروونیی و کاری زۆردا بن.