یەکەم نەخۆشخانەی تایبەت بە فیل کرایەوە Featured

تشرين2/نوفمبر 24, 2018

چیتر فیلەکانیش بێ پشت وپەنا و چاودێریی نابن، لەمەودوا لە نەخۆشخانە شوێنی چارەسەری برین و نەخۆشییەکانیان دەکرێت، یەکەمین نەخۆشخانەی تایبەت بە ئاژەڵی فیل لە جیھاندا کە لە ویلایەتی ئۆتارپرادیشی ھیندستان کراوەتەوە، ھەرچەندە ھێشتا ھەفتەیەک بەسەر کردنەوەی نەخۆشخانەکەدا تێپەڕنەبووە بەڵام دەیان فیلی نەخۆش و بریندار بۆ چارەسەر ئامادەکراون.

 پزیشکانی ڤێتێرنەری و ھاوکارەکانیان ڕۆژانە ھاوشێوەی نەخۆشخانەیەکی ئاسایی کاردەکەن و چارەسەری نەخۆشیی فیلەکان دەکەن، ھەندێک لە فیلەکان قاچیان برینداربووە و ئەمان لێرە چارەسەری پێویستی بۆ دەکەن و بۆ چەند ڕۆژێک لە نەخۆشخانەکە دەیھێڵنەوە و دواتر ڕەوانەی شوێنی خۆی یان دارستانی ویلایەتەکەی دەکەنەوە، پزیشکێک دەڵێت، ھەموو دەرمان وچارەسەرێکی پێویستی ئاژەڵ بۆ فیلەکان لە نەخۆشخانەکەمان بەردەستە و تیمێکی شارەزاش لەگەڵمان کاردەکەن بۆ چارەسەری فیلەکان چونکە ئەوانیش دروستکراوی خودان و دەبێت ڕێزیان لێ بگیرێت و چارەسەری ئازار و برینەکانیان بکرێت.

 لە ھیندستان نزیکەی ٢٥ھەزار فیل ھەیە، چالاکانی ژینگە و مافی ئاژەڵان دەڵێن فیلەکانی وڵاتەکەیان سەرمایەیەکی گرنگن و پێویستە بپارێزرێن. بەڵام لە ئێستادا بەھۆی گۆڕانکارییە ژینگەییەکان و نەخۆشییەوە ئەم سامانە ئاژەڵییە مەترسی کەمبوونەوە و لەناوچوونی لەسەرە بۆیە کردنەوەی نەخۆشخانەکە بە گرنگ و پێویست دەزانن و دەڵێن لەمەودوا فیلەکانی ھیندستان ئاھێکیان بە بەردا دێتەوە.

بەرپرسانی ویلایەتی ئۆتارپرادیشی ھیندستان دەڵێن، ھەموو ئاسانکارییەک دەکەن بۆ بەردەوامی و فراوانکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی نەخۆشخانەکە و جگە لە چارەسەری ئاژەڵەکانیش چاویان لەسەر ئەوەیە نەخۆشخانەکە ببێتە ناوەندێک بۆ ڕاکێشانی سەرنجی گەشتیاران بۆ ویلایەتەکەیان تا داھاتی زیاتر ڕوو لە وڵاتە و ویلایەتەکەیان بکات، ئەم ھەنگاوەشیان ڕێکخراوەکانی مافی ئاژەڵان و چالاکانی ژینگەی دڵخۆشکردووە.

نەخۆشخانەکە ھەینی ڕابردوو کراوەتەوە، پزیشکەکان ڕۆژانە پشکنینی خوێن بۆ فیلە نەخۆشەکان دەکەن و کار بۆ پاراستن و چاودێری فیلە ساغەکانیش دەکەن، لە ھیندستان بەشێک لە گوندنشینەکان فیل بۆ  ئیش وکار و بەشێکی دیکەش بۆ سروتە ئاینیەکان بەکاریان دەھێنن بەم ھۆیەشەوە بەشێکی فیلەکان توشی جۆرەھا نەخۆشی بوون ، ئەم نەخۆشخانەیەش دەیەوێت ببێتە شوێنێک بۆ پشوودان و کەمکردنەوەی ئازار و نەخۆشییەکانی ئەم ئاژەڵە و بوو بە یەکەم نەخۆشخانە لە جیھاندا کە بۆ چارەسەری فیلە نەخۆشەکان کرابێتەوە.