خۆپێشاندانى بێ مۆڵه‌ت قه‌ده‌غه‌ ده‌کرێت Featured

وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق بڕیاریدا به‌ قه‌ده‌غه‌كردنی گردبونه‌وه‌ و خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی به‌ده‌ر له‌ یاسا له‌ وڵاتدا. 
ئه‌م بڕیاره‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ نزیكه‌ی دوو مانگ ده‌بێت خۆپیشاندانی ناڕه‌زای له‌ به‌شێك له‌ پارێزگاكانی باشوری عێراق و به‌غدای پایته‌خت به‌ڕێوه‌ده‌چێت و خۆپیشانده‌ران داوای باشتركردنی خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كان له‌ پارێزگاكانیان ده‌كه‌ن.
خۆپیشانده‌ران بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی ده‌چنه‌ به‌رده‌م نوسینگه‌ی كۆمپانیا بیانییه‌كانی بواری نه‌وت و كێلگه‌كانی نه‌وت و دامه‌زراوه‌ حكومیه‌كان وه‌ك كارتێكی فشار له‌سه‌ر حكومه‌تی خۆجێی و حكومه‌تی عیراق بۆ به‌ده‌مه‌وه‌چونی داواكارییه‌كانیان.
فه‌ریق محه‌مه‌د به‌در بریكاری وه‌زیری ناوخۆ بۆ كاروبای ئاسایشی فیدڕالی، له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا رایگه‌یاند، " حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان، رایسپاردوین به‌ پارێزگاریكردنی خۆپیشانده‌ران و هه‌ڵسوكه‌وتكردن له‌گه‌ڵیان به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌رێنی و رێزگرتنیان".
محه‌مه‌د به‌در ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌ كه‌ له‌ به‌رامبه‌ردا رێگا به‌ گردبونه‌وه‌ و خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی به‌ده‌ر له‌ یاسا ناده‌ن.
به‌پێی یاسا به‌ركاره‌كانی عێراق، بۆ ئه‌نجامدانی خۆپیشاندان و گردبونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی پێویسته‌ مۆڵه‌تی پێشوه‌خته‌ له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان وه‌ربگیرێت.
به‌هۆی ئه‌و ئاڵۆزیی و روبه‌ڕوبونه‌وه‌یه‌ی له‌ نێوان خۆپیشانده‌ران و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ به‌شێك له‌ پارێزگاكانی باشوری عێراق و به‌غدای پایته‌خت له‌میانی خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی كه‌ رۆژی پێنج شه‌ممه‌ پێده‌نێته‌ ناو دوو مانگه‌وه‌ و به‌پێی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆیی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ عێراق، له‌ ده‌ستپێكی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا، 14 خۆپیشانده‌ر كوژراون و زیاتر له‌ 700 كه‌س له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و خۆپیشانده‌ران بریندار بوون.

Rate this item
(0 votes)