عادل عه‌بدولمه‌هدی كۆتا هیوایه‌ بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی عێراق Featured

ڕۆژنامه‌یه‌كی ئه‌مریكی پێیوایه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی ڕاسپێردراوی عێراق دواین كه‌سه‌ بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی عێراق له‌و دۆخه‌ گه‌نده‌ڵیی‌و كێشه‌ ئه‌منییانه‌ی تێیكه‌وتووه‌.

ڕۆژنامه‌ی لۆس ئه‌نجلۆس تایمز-ی ئه‌مریكی راپۆرتێكی له‌باره‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی ڕاسپێردراوی عێراق بڵاوكرده‌وه‌‌و ڕایگه‌یاند، "عه‌بدولمه‌هدی كۆتا هیوای عێراقییه‌كانه‌ بۆئه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌یان له‌ڕووی گه‌نده‌ڵی ئیداری‌و دارایی، كێشه‌ی تیرۆر‌و ململانێ سیاسییه‌كان ڕاستبكاته‌وه‌".

ڕیناد مه‌نسور شاره‌زای كاروباری عێراق له‌په‌یمانگه‌ی چام هاوس-ی به‌ریتانی به‌ڕۆژنامه‌كه‌ی ڕاگه‌یاندووه‌، "له‌كۆتاییدا عادل عه‌بدولمه‌هدی نه‌ بژارده‌ی ئه‌مریكا بوو نه‌ ئێران، به‌ڵام هه‌ردوو وڵات له‌سه‌ر عه‌بدولمه‌هدی ڤیتۆیان نه‌بوو".

ڕیناد مه‌نسور باسی له‌په‌یوه‌ندی عادل عه‌بدولمه‌هدی به‌ كورد ‌و حزبه‌كانی باشوری كوردستانه‌وه‌ كردوه‌، به‌ "هاوڕێی كورد" ناوی عه‌بدولمه‌هدی ده‌بات.

زه‌ید عه‌لی چاودێری سیاسی له‌په‌یمانگه‌ی واشنتۆن بۆ سیاسیه‌تی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆچونی وایه‌، "ئێستا كه‌ عێراق له‌شه‌ری داعش ته‌واو بووه‌، هاوڵاتیانی عێراق ده‌یانه‌وێت عه‌بدولمه‌هدی وڵاته‌كه‌یان له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی ‌و ئیقلیمی به‌هێز بكاته‌وه‌".

ئه‌و چاودێره‌ سیاسییه‌ لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كانی ناو په‌رله‌مانی عێراقی به‌ یه‌كێك له‌به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م عه‌بدولمه‌هدی زانی بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازی، چونكه‌ وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێت، هه‌ندێك لایه‌نێ سیاسی كه‌ نوێنه‌ریان له‌په‌رله‌مان هه‌یه‌، ئه‌نجامدانی چاكسازیی ده‌بێته‌ كێشه‌ بۆیان.

Rate this item
(0 votes)