پاره‌كه‌ گه‌یشت و ده‌ست به‌دابه‌شكردنی‌ ده‌كرێت

كانون2/يناير 08, 2019
پاره‌ی كارمه‌ندانی چاودێری‌ سه‌ر سندوق و ناوه‌نده‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران گه‌یشته‌ سه‌رجه‌م لقه‌كانی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن له‌پارێزگاكان، به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كانیش، هه‌فته‌ی داهاتوو ئه‌و پاره‌یه‌ دابه‌شده‌كرێت.

 

 

به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراقه‌وه‌ بلاوکرایتەوە، پاره‌ی كارمه‌نده‌كانی ڕۆژی ده‌نگدانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كه‌ 12ی‌ 5ی 2018 ئه‌نجامدرا، سه‌رجه‌می گه‌یشتۆته‌ هه‌رێمی كوردستان و به‌سه‌ر لقه‌كانی هه‌ولێرو دهۆك و سلێمانیشدا دابه‌شكراون، به‌ڵام هۆكاری دابه‌شنه‌كردنه‌كه‌ی بۆ ته‌واونه‌بونی هه‌ندێك وردبینی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

هه‌ر به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كان، له‌چوار بۆ پێنج ڕۆژی داهاتودا وردبینیه‌كه‌ ته‌واو ده‌كرێت و ده‌ست به‌دابه‌شكردنی پاره‌كه‌ ده‌كرێت.

سه‌باره‌ت به‌میكانیزمی دابه‌شكردنی پاره‌كه‌ش، له‌زانیاریه‌كاندا ئاماژه‌به‌وه‌كراوه‌، سه‌رجه‌م كارمه‌ندان ناوه‌كانیان بڵاوده‌كرێته‌وه‌و ئاگادارده‌كرێنه‌وه‌ كه‌ له‌ڕێگه‌ی چه‌ند بانكێكی دیاریكراو بتوانن پاره‌كه‌یان به‌ئاسانی وه‌ربگرن.

هه‌ر له‌و زانیاریانه‌دا ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو، نزیكه‌ی 14 هه‌زار كارمه‌ند له‌پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌شداربون، بڕی پاره‌ی هه‌ر یه‌كێكیشان له‌ 200 هه‌زار دیناره‌وه‌ تا 300 هه‌زار دیناره‌.