عیراق بڕی 100 ملیار دینار بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران زیاد ده‌كات

كانون2/يناير 08, 2019
رێككه‌وتنه‌ نهێنییه‌كه‌ی نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌باره‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌ ئاشكراده‌كرێت، ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیش رایده‌گه‌یه‌نێت: كورد پشتیوانی حكومه‌تی عادل عه‌بدولمه‌دی ده‌كات و له‌به‌رامبه‌ریشدا عیراق بڕی 100 ملیار دینار بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران زیاد ده‌كات.

 

 

جه‌مال كۆچه‌ر، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق  راگه‌یاند: به‌ر له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق، ئه‌و لایه‌نه‌ كوردییانه‌ی به‌شدارییان له‌حكومه‌ت كردووه‌، له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو رێككه‌وتبوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پشتیوانی بكه‌ن، له‌به‌رامبه‌ر زیادكردنی بڕی  100 ملیار دینار بۆسه‌ر 317 ملیار دیناره‌كه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و ناردنی 60 ملیار دینار بۆ پێشمه‌رگه‌، هه‌رێمیش له‌فرۆشتنی نه‌وت به‌رده‌وام بێت، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی عه‌بادی نه‌ما، هه‌مان پێشنیازیان بۆ عادل عه‌بدولمه‌هدی خسته‌ڕوو، پێموایه‌ ئه‌ویش ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕیوه‌.

وتیشی:" ناردنی 317 ملیاره‌كه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ بودجه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو به‌فشاری سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی و هاوپه‌یمانان ئه‌و پاره‌یه‌ ره‌وانه‌ كراوه‌، ئه‌گه‌رنا ساڵی رابردوو هه‌رێم پابه‌ند نه‌بوو به‌بودجه‌ی 2018ه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و پاره‌یه‌ش به‌رده‌وام هاتووه‌".

له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری خه‌رجكردنی یه‌ك له‌سه‌ر 12ی بودجه‌ تا ئه‌وكاته‌ی یاسای بودجه‌ی 2019 په‌سه‌ند ده‌كرێت، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ وتی: كاركردن به‌خه‌رجكردنی یه‌ك له‌سه‌ر 12ی بودجه‌ له‌كاتێكدا ده‌بێت كه‌ ئه‌و ساڵه‌ بودجه‌ نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌مساڵ تاوه‌كو مانگی (سێ)ش ده‌رفه‌ت هه‌یه‌، كه‌ بودجه‌ی 2019 په‌سه‌ندكرا، به‌پێی خشته‌كانی ناو بودجه‌ ده‌ست به‌خه‌رجكردنی پاره‌كان ده‌كرێت.