توركمانەكان وەڵامێكی توندی پارتی دەدەنەوە

كانون2/يناير 08, 2019
توركمانەكان وەڵامێكی توندی پارتی دەدەنەوە، ئەندامێكی توركمانیش لەئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ڕایدەگەیەنێت، "ئەگەر كەركوك سەربازگە بێت چۆن جێگەی ملیۆن و نیوێك هاوڵاتی دەبێتەوە"، دەشڵێت:"ئەوەی برادەرانی پارتی وتویانە ڕاست نییە".

 

 

كەمال كە‌ركوكی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی و بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای كەركوك بە‌دە‌نگی ئە‌م‌ریكای ڕاگەیاندوە، "كە‌ركوك چوار فیرقە‌ پۆلیسی ئیتیحادی و فیرقە‌یە‌ك دژە‌تیرۆرو 24 جۆر هێزی حە‌شدی شە‌عبی تێدایە‌، دە‌بێت ئە‌مانە‌ بڕۆنە‌ دە‌رە‌وە‌و شار ڕادە‌ستی پۆلیس بكرێت، ئینجا دە‌گە‌رێینە‌وە‌".
 
لەوبارەیەوە نەجات حەسەن ئەندامی توركمان لەئەنجومەنی پارێزگای كەركوك  ڕاگەیاند، "ئەوەی باس لەوەدەكات لەكەركوك ئەو هەموو هێزە هەیەو بۆتە سەربازگە، ئەوا تەنها شیكردنەوەی خۆیەتی".
 
وتیشی:"ئەگەر كەركوك بوبێت بەسەربازگە، ئەوا نزیكەی ملیۆن و نیوێك خەڵك كە ئێستا لەشارەكەدا هەیە، دەچونە دەرەوەو شارەكەیان چۆڵدەكرد".
 
ئەو توركمانە لەئەنجومەنی پارێزگا باسی ئەو هێزانەشی كرد كە ئێستا لەكەركوك بونیان هەیە، وەكو ئەو وتی:"لەكەركوك تەنها یەك لیوای پۆلیس و دژە تیرۆر بونی هەیە، لەبنەڕەتیشدا حەشدی شەعبی لەناو كەركوك بونی نییە، بەڵام لەدەرەوەی كەركوك لەسنوری حەویجە داعش تەواو نەبوە، تا حەشدی شەعبی لەوێ نەبێت".
 
ئەوەشی وت:"ئەو ژمارەیەی كە برادەرانی پارتی باسیان كردوە، بەڕێژەی لە10%ی ئەو هێزە لەكەركوك بونی هەیە، نەك بەو ژمارە زۆرەی باسی دەكات، دوای ئەوەش كەركوك هیچ كاتێك سەربازگە نەبوەو كەركوك كەركوكی خەڵك بوە، ملیۆن و نیوێك لەخەڵكی كورد، عەرەب، توركمان لەشارەكە دەژین، كەواتە ئەوەی وتراوە ڕاست نییە".