ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی داوای ئازادکردنی دیلەکانی تری لای پارتی دەکات

كانون2/يناير 08, 2019

ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی وەک مەرجی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی لەگەڵ پارتیدا داوای ئازادکردنی دیلەکانی دیکەی لەو حزبە دەکات.

ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە (٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩) داوای لە هەریەک لە کۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سکرتێری گشتی، دەستەی کارگێڕی و سەرجەم ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی حزبەکەیان کردووە تا سەرجەم دیلەکانیان لای پارتی ئازادنەکرێن گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەو حزبەدا ڕابگرن.

هەر لە داواکارییەکەی ئەنجومەنی ناوەنددا هاتووە، "رۆژی (٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩) سێ کادرمان ئازادکرا، بەڵام دەرکەوت هێشتا پێنج هەڤاڵی ترمان لە مەخمور و هەولێر و بادینان تا ئێستا ئازادنەکراون."

ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی داوا لە حزبەکەشی دەکات هۆکاری دەستگیرکردنی کادیرەکانیان ڕوونبکرێتەوە.

لە کۆتایی داواکارییەکەیدا ئەنجومەنی ناوەند داوایکردووە ئەو رەفتارانە کۆتایی پێ بهێنرێت و لە داهاتووشدا دووبارە نەبنەوە، "چونکە خزمەت بە یەکڕیزی و پێکەوەژیانی سیاسی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی ناکات و لە بەرژەوەندی گەلەکەماندا نییە."

ڕۆژی یەکشەممە (٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩) پارتیی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دیل بە دیلیان بە کادرە دەستگیرکراوەکانیان کرد و یاساناسانیش ڕەخنەیان لەم پڕۆسەیە گرت و بە پێشێلکردنی یاساکانیان دانا لە هەرێمی کوردستاندا.

لەگەڵ ئەوەی بڕیار بوو ئەمڕۆ یەکێتی و پارتی کۆببنەوە بەڵام کۆبوونەوەکە ئەنجامنەدرا وسەرچاوەیەکى باڵاش بە ئێن ئاڕ تى ڕاگەیاند، هۆکارى هەڵوەشاندنەوەى کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆی نێوان ئەو دوو حزبە ئەوە بووە کە مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى مەرجى داناوە کە لەگەڵ ژمارەیەک ئەندامى شاندەکەى یەکێتى کۆنابێتەوە، یەکێتیش ئەو مەرجەى ڕەتکردووەتەوە.