میرانی:جەخت دەكاتەوە لەوەی خاڵی هاوبەشیان لەگەڵ یەكێتیی زۆر و ناشهێڵن كۆبوونەوەكانیان بگەنە بنبەست

كانون2/يناير 09, 2019

سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی جەخت دەكاتەوە لەوەی خاڵی هاوبەشیان لەگەڵ یەكێتیی زۆر و ناشهێڵن كۆبوونەوەكانیان بگەنە بنبەست.


فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكرانی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ میدیای حزبەكەی باسی لە پرسی پەیوەندییەكان لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كرد و رایگەیاند "خاڵی هاوبه‌ش له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتی یه‌كجار زۆره‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه‌ و یه‌كێتی كوردین، پێكه‌وه‌ شه‌هیدمان داوه‌، پێكه‌وه‌ شه‌ری داعشمان كردووه‌، پێكه‌وه‌ په‌رلەمانمان دروست كردووه‌، هەشت كابینەی حكومەتمان دروست كردووە، ئێمە و یەكێتیی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م میلله‌ته‌ به‌رپرسیارییه‌تی هاوبه‌شمان هه‌یه‌، بۆچوونی جیاواز هه‌یه‌، به‌ڵام بۆچوونه‌كان ده‌بێته‌ به‌رده‌وامی دانوستانەكان، هاوبه‌شه‌كانیش ده‌بێته‌ به‌رنامه‌ی كاری هاوبه‌ش".

سەبارەت بە دواكەوتنی كۆبوونەوكانی نێوانیشیان فازڵ میرانی ئاماژەیدا بەوەی دواكەوتنی كۆبوونەوەیەك بە "مانای ئەوە نایەت كە دنیا خراپ بووبێت" و وتیشی: ناهێڵین كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ یەكێتیی بگەنە بنبەست.