یه‌كێتیی: وه‌ڵامی پارێزگاری كه‌ركوك له‌باره‌ی جوڵاندنی هێز بۆ داگرتنی ئاڵای كوردستان له‌كه‌ركوك ده‌داته‌وه‌...چیتر ئاڵا داناگیرێت

كانون2/يناير 09, 2019
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان وه‌ڵامی پارێزگاری كه‌ركوك له‌باره‌ی جوڵاندنی هێز بۆ داگرتنی ئاڵای كوردستان له‌كه‌ركوك ده‌داته‌وه‌، فه‌رمانده‌یه‌كی پێشمه‌رگه‌ش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ڕه‌زامه‌ندی له‌به‌غداوه‌ بۆ هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان وه‌رگیراوه‌، چیتریش ئاڵا داناگیرێته‌خواره‌وه‌".

 

وه‌ستا ڕه‌سوڵ فه‌رمانده‌ی میحوه‌ری چواری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌  ڕایگه‌یاند، "هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌كه‌ركوك له‌به‌غداوه‌ ڕه‌زامه‌ندی بۆ وه‌رگیراوه‌، هیچ كه‌سێكیش ناتوانێت دایبگرێت، ده‌سه‌ڵاتی ئه‌منیش له‌به‌غداوه‌ ئه‌و ڕه‌زامه‌ندیه‌یان پێگه‌یشتوه‌".
ڕاكان جبوری پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستانی به‌نایاسایی وه‌سفكردوه‌و داوایكردوه‌ دابگیرێت، هاوكات داواشی له‌حكومه‌تی به‌غدا كردوه‌، به‌ئاراسته‌ی كه‌ركوك هێز بجوڵێنن و ڕێگری له‌یه‌كێتی بكه‌ن.
له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ وه‌ستا ڕه‌سوڵ كه‌ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیه‌، ده‌ڵێت:"ڕاكان جبوری كه‌سێكی شۆڤێنیه‌و شتێكی چاوه‌ڕوانكراویشه‌ هه‌ر ده‌بێت ئه‌و په‌رچه‌كرداره‌ی هه‌بێت".
له‌په‌یامێكیشدا وه‌ستا ڕه‌سوڵ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، "دڵنیایی ده‌ده‌ینه‌ خه‌ڵكی كه‌ركوك كه‌ هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان ڕه‌سمیاتی تێدایه‌و مافی خۆشمانه‌ به‌گوێره‌ی‌ ده‌ستور ئاڵای كوردستان هه‌ڵبكه‌ین".