یه‌كێتی دانیشتن له‌گه‌ڵ پارتی ره‌تده‌كاته‌وه‌

كانون2/يناير 10, 2019
هۆكاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گه‌ڕی سێیه‌می دانوستانه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتی له‌باره‌ی پێكهێنانی حكومه‌ته‌وه‌ ئاشكراده‌كرێت، سه‌ركرده‌یه‌كیش له‌ یه‌كێتی رایده‌گه‌یه‌نێت"مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی پێیوایه‌ تاكادیره‌ ده‌ستگیركراوه‌كانی لای پارتی ئازاد نه‌كرێن، دانوستان و گفتوگۆ هیچ مانایه‌كی نابێت".

 

 

عوسمان بانیمارانی، سه‌ركرده‌ له‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان،  راگه‌یاند: مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی داوا له‌پارتی ده‌كات ئه‌و كادیرانه‌ی كه‌ تائێستا به‌بێ فه‌رمانی دادوه‌ر له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ ده‌ستگیركراون، ئازاد بكرێن، ئه‌گه‌رنا دانیشتن و گفتوگۆ سه‌باره‌ت به‌پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتوو هیچ مانایه‌كی نابێت.

وتیشی:"له‌ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی باسی ئه‌وه‌كراوه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌موو ئه‌و كادیرانه‌ی به‌بێ فه‌رمانی دادوه‌ر له‌ سنووری پارتی ده‌ستگیركراون ئازاد بكرێن، ئه‌وكات دانیشتن بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت بكرێت".

هاوكات، به‌پێی نووسراوێكی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتیش كه‌ له‌ رۆژی 8ی 1ی 2019، ئاڕاسته‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی كراوه‌، داواكراوه‌((تا ئه‌و پێنج كادیره‌ی یه‌كێتی كه‌ له‌سنووری هه‌ولێر و مه‌خمور ده‌ستگیركراون ئازاد نه‌كرێن، گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ پارتی به‌گونجاو نابینین)).