زانیارى له‌باره‌ی لابردنی پاشه‌كه‌وتی موچه‌

كانون2/يناير 11, 2019
یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان به‌نووسراوی فه‌رمی داوا له‌هه‌ردوو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌و دارایی ده‌كات پاشه‌كه‌وتی موچه‌ لاببرێت و موچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كانیش به‌میكانیزمێك بۆ مامۆستایان بگه‌ڕێنرێته‌وه‌، جێگری سه‌رۆكی یه‌كێتییه‌كه‌ش رایده‌گه‌یه‌نێت: دوای پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت، بڕیار له‌و بابه‌ته‌ ده‌درێت.

 

 

عه‌تا ئه‌حمه‌د، جێگری سه‌رۆكی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان  راگه‌یاند: به‌نووسراوی فه‌رمی داوامان له‌هه‌ردوو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌و دارایی حكومه‌تی هه‌رێم كردووه‌ كه‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌پاشه‌كه‌وتی موچه‌دا بكرێت و هه‌ڵبگیرێت.

وتیشی: "به‌نیسبه‌ت كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كێتی مامۆستایان و وه‌زاره‌تی دارایی، به‌هۆی حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌وه‌ هیچ واده‌یه‌كیان بۆ دیارینه‌كردوین و خۆیان له‌و بابه‌ته‌ لاده‌ده‌ن، هه‌موو قسه‌ی ئه‌وان بۆ ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چاوه‌ڕوانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت بكه‌ین و په‌رله‌مان ده‌ستبه‌كاربێت، ئه‌وكاته‌ ده‌توانن بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بده‌ن".

راشیگه‌یاند: یه‌كێك له‌به‌رنامه‌ی كاری ئێمه‌ وه‌كو یه‌كێتی مامۆستایان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پاشه‌كه‌وتی موچه‌ لاببرێت و موچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كانیش به‌میكانیزمێك له‌ڕێگه‌ی ژماره‌ی حسابی بانكییه‌وه‌ بگێردرێته‌وه‌ بۆ مامۆستایان، به‌ڵام هیچ وه‌ڵامێكمان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌.