وه‌فدێكی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی له‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر پشكی‌ كورد له‌بودجه‌ی‌ عیراق سه‌ردانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كات

كانون2/يناير 13, 2019
وه‌فدێكی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی له‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر پشكی‌ كورد له‌بودجه‌ی‌ عیراق سه‌ردانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كات و ئه‌ندامێكی‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ش زانیاری‌ زیاتر له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشكراده‌كات و ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "سه‌ردانی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی و ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ هه‌رێم ده‌كه‌ین".

 

 

له‌كۆبونه‌وه‌كانی پێشوی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، بڕیاردراوه‌ چه‌ند لیژنه‌یه‌كی لاوه‌كی پێكبهێنرێت، به‌مه‌به‌ستی سه‌ردانی وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌تی عیراق بۆ تاووتوێكردنی ئه‌و بودجه‌یه‌ی‌ كه‌ له‌ناو پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2019 بۆیان ته‌رخانكراوه‌.

شیروان میرا ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ له‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران  ڕاگه‌یاند، "پێشنیازیشكراوه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ سه‌ردانی وه‌زاره‌تی دارایی و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمیش بكه‌ن، به‌مه‌به‌ستی قسه‌كردن له‌سه‌ر پشكی هه‌رێم له‌بودجه‌كه‌دا".

وتیشی‌:"لیژنه‌ی‌ دارایی‌ له‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران پێشنیازی‌ پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كیشی‌ كردوه‌ بۆ دانیشتن له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ هه‌رێم له‌سه‌ر  پرسی‌ نه‌وت و پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌بودجه‌ی گشتیی عیراقدا".

به‌وته‌ی‌ ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌، "ئێستا ته‌نها پێشنیازكراوه‌و هیچ واده‌یه‌ك بۆ سه‌ردانه‌كه‌ دیارینه‌كراوه‌، ئه‌و لیژنه‌یه‌ش كه‌ بڕیاره‌ سه‌ردانی‌ هه‌رێم بكات ئه‌ندامانی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ تێدا ده‌بێت".