هەرێم بۆهاوردەكردنی ئەم ئۆتۆمبێلانە دوو مەرج دادەنێت

كانون2/يناير 13, 2019
هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی دەستی دوو لەمەرزەكانی هەرێمەوە بەردەوامەو بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمیش رایدەگەیەنێت: دوو مەرجی سەرەكی هەیە بۆ رێگەدان بەداخڵبوونی ئەو ئۆتۆمبێلانە، ئەوانیش مەرجەكانی توندوتۆڵی و سەلامەتیان تێدابێت و مۆدێلیشیان (2017، 2018، 2019) بێت.

 

 

ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومركی هەرێم  راگەیاند: هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی دەستی دوو لەمەرزەكانی هەرێمی كوردستانەوە رێگەپێدراوە، بەمەرجێك مەرجەكانی توندوتۆڵی، سەلامەتی و هونەری تێدا بێت و تەنیا مۆدیڵی (2017، 2018، 2019) بێت.
 
وتیشی: "لەلایەن مەفرەزەی هاوبەشی گومرگ و هاتوچۆوە لەمەرزەكان كەشفی پێویست بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانە دەكرێت، لەكاتی تۆماركردنیش لەبەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆی شارەكان، جارێكی دیكە كەشفی بۆ دەكرێتەوە".
 
وتیشی:" رۆژانە دەیان ئۆتۆمبێل بەهۆی دەرنەچوونیان لەپشكنین، دەگەڕێنرێنەوە بۆ ئەو شوێنەی لێیەوە هاتوون، لەهەمانكاتیشدا گشتاندن بۆ سەرجەم مەرزەكان دەكەین بۆئەوەی ئۆتۆمبیلە دەرنەچووەكان لە پشكنین، دزەیان پێنەكرێت لەمەرزێكی دیكەوە داخڵ بكرێت".
 
راشیگەیاند: تاقیگەكان لەگەڵ هەندێك لەسایتە جیهانییەكان هاوبەشییان كردووە، بۆئەوەی لەڕێگەی ئەو سایتانەوە بەدواداچوونی بۆ بكرێت كە ئایا ئۆتۆمبێلی لافاوە یان تووشی رووداوی گەورە بووە.