پێشکەشکردنی داواکاری بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست ئەمڕۆ دەستیپێدەکات و تا ١٧ی مانگ بەردەوام دەبێت.

آب/أغسطس 08, 2018

پێشکەشکردنی داواکاری بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست کاتژمێر ١١ی ئەمڕۆ دەستیپێدەکات و تا ١٧ی مانگ بەردەوام دەبێت.

ئیسماعیل خورماڵی بڕیارده‌ری كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێم لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا وتی، پرۆسەکە کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستپێدەکات و تەنها ئەو کەسانە بۆیان هەیە داواکاری پێشکەش بکەن کە فۆرمەکەیان هی هەرێمی کوردستانە.

وتیشی، خوازیاران دەتوانن لە بنکەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران زانیارییەکان وەربگرن یان لەڕێگەی لینکێکەوە کە ماڵپەڕی کۆمسیۆن دایدەنێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، دوای بەراوردکردنی زانیارییەکان، لە پرۆسەیەکی شەفافدا ناوەکان لەڕێگەی ئەلیکترۆنییەوە ڕادەگەیەندرێت.

ڕاشیگەیاند، ئەو کەسەی دادەمەزرێت لەو بنکەیە دەبێت کە خۆی دەنگی لێ دەدات.

هاوکات ئەو لیژنەیەی تایبەت کراوە بە پرۆسەکە لە کۆنفرانسەکەدا وتی، یەکێک لە مەرجەکان ئەوەیە پێویستە بەرپرسی بنکە لەگەڵ وێستگە بڕوانامەی بەکالۆریۆسی هەبێت.

ڕاشیگەیاند، ئەو کەسانەی بەنیازن داواکاری پێشکەشبکەن پێویستە (ژمارەی دەنگدەر، ژمارەی بنکەی دەنگدان، ناوی بنکەی دەنگدان)ی خۆیان بزانن کە مەرجە بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی داواکارییەکە.

بڕیارە ٣٠ی ئەیلولی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.