حكومەتی هەرێمی بە پڕۆژەیەك دەیەوێت ژمارەی وەزارەتەكانی بۆ ١٢ وەزارەت كەم بكاتەوە...بەڵام جێبەجێكردنەی فریای ئەم كابینەیەی حكومەت ناكەوێت

آب/أغسطس 08, 2018

حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پڕۆژەیەك دەیەوێت ژمارەی وەزارەتەكانی بۆ ١٢ وەزارەت كەم بكاتەوە و بەڕێوەبەرایتییە گشتییەكانیش لە هەر شارێكدا بكات بە پێنج بەڕێوەبەرایەتی و دەستەكانیش كەم بكاتەوە، بەڵام جێبەجێكردنەی فریای ئەم كابینەیەی حكومەت ناكەوێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی هەفتەنامەی ״ئاژانس״ لەسەرچاوەی ناو ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەستی كەوتووەو ئەمڕۆ چوار شەممە بڵاویكردووەتەوە، حكومەتی هەرێم پڕۆژەیەكی ئامادە كردووە، كە ژمارەی وەزارەتەكانی بكاتە ١٢ وەزارەت و لە هەر شارێكیشدا ژمارەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی بۆ ٥ بەڕێوەبەرایەتی كەم بكاتەوە و دەستەكانیش كەم بكاتەوە. 

هەر بە پێی زانیارییەكان، هەر یەكە لە وەزارەتەكانی تەندرووستی و شەهیدان و كاروباری كۆمەڵایەتی دەكرێن بە وەزارەتێك، وەزارەتی كارەبا و سامانە سرووشتییەكان دەكرێن بە وەزارەتێك، وەزارەتی پلاندانان و بازرگانی دەكرێن بە وەزارەتێك و دەستەی ژینگەش دەخرێتە سەر وەزارەتی شارەوانی و بە پێی پڕۆژەكەی حكومەت تا ئێستا ئەو گۆڕانكارییانە بڕیاریان لە بارەوە دراوە.

فرسەت سۆفی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان، بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند، لیژنەكە لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە درووست كراوە و وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان و دەستەكان دەگرێتەوە و دوای كارەكانیان دەینێرنە پەرلەمان بۆ پەسەندكردنی.

سۆفی راشیگەیاند "جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە خەرجیی زۆر لە كرێی بینا و نەسریەی وەزارەت و زۆر خەرجیی تری پەیوەست بە وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەكان كەم دەكاتەوە.״

لیژنەكە لە لایەن دەرباز كۆسرەت ڕەسوڵ، وەزیری ئاوەدانكردنەوەی حكومەتی هەرێم سەرۆكایەتیی دەكرێت.

״بچووككردنەوەی هەیكەلی حكومەت فریای ئەم كابینەیە و ئەم خولەی پەرلەمان ناكەوێت، بۆ كابینەی نۆی حكومەت جێبەجێ دەكرێت.״ فرسەت سۆفی وای وت.

ئێستا حكومەتی هەرێم ٢١ وەزارەت و لە هەر شارێكیش زیاتر لە ٢٠ بەڕێوەبەرایەتیی گشتی هەیە، هاوكات ١٠ دەستە و فەرمانگە و سكرتاریەت و دیوانی تریش سەر بە ئەنجوومەنی وەزیران بوونیان هەیە.

هاوكات بەهار مەحمود، بڕیاردەری لیژنەی یاسایی له پەرلەمانی كوردستان، ئاماژە بەوە دەكات، جاری وا هەبووە وەزارەتێكیان تەنیا لەبەر خاتری یەك تاكەكەس داناوە، بۆیە كەمكردنەوەی وەزارەتەكان كارێكی باشە.

وتیشی: ״بۆ بچووككردنەوە یان تێكەڵاوكردنی وەزارەتەكان دەبێت حكومەت پلانی هەبێت فەرمانبەرەكان چارەسەر بكات، هاوكات ڕێژەی دامەزراندنیش كەم دەبێتەوە، ئەوەش ئاستەنگ درووست دەكات.״

پێشتر و لە سەردەمی حكومەتی پێشووی عێراقدا، لە هەر شارێك سێ بەڕێوەبەرایەتیی گشتی هەبووە، بەڵام دوای ڕووخانی ڕژێم ژمارەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان لە شارەكان بۆ زیاتر لە ٢٠ بەڕێوەبەرایەتی بەرز بوونەتەوە.

محەمەد عەبدوڵڵا، مامۆستای زانكۆ و شارەزا لە كارگێڕی و ئیداری، به ״‌ئاژانس״ی وت: ״بۆ ئەوەی حكومەت كێشەی بۆ درووست نەبێت، دەتوانێت ڕاژەی فەرمانبەران بكڕێتەوە ، بۆ نموونە كەسێك كە دە ساڵ خزمەتی هەیە بە پارە خزمەتەكەی بكڕێتەوە بۆ ئەوەی لە دەرەوە بتوانێت كار بكات.״

دوواین تویت

دەزگای میدیایی کوردسات و ناوەندی غەزەلنووس ئێوارە کۆنسێرتێک بۆ غەزەل مستەفا ڕێکدەخەن #غەزەل_مستەفا https://t.co/7XAthMITR2
From Google
shahrazad 1 -2 | درامای شەهرەزاد بەشی یەک: https://t.co/3zfZCmlS8X via @YouTube
From Google
shahrazad 1 -1 | درامای شەهرەزاد بەشی یەک: https://t.co/2eqgRw4jp5 via @YouTube
Follow Kurdsat on Twitter