زانیاری له‌باره‌ی دابه‌شكردنی مووچه‌ پێش جه‌ژن

أيار 11, 2019

ئایا پێش جه‌ژن فه‌رمانبه‌ران مووچه‌یه‌كی دیكه‌ وه‌رده‌گرن ؟

گفتوگۆكانی حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی به‌غدا له‌باره‌ی رێككه‌وتنی كێشه‌ ئابوورییه‌كانی نێوانیان به‌رده‌وامیی هه‌یه‌ و چاوه‌ڕوانده‌كرێت حكومه‌تی نوێی هه‌رێم چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بكات.

له‌و باره‌یه‌وه‌ د.شێركۆ جه‌وده‌ت ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان راگه‌یاند: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌ئێستادا وه‌زاره‌تی دارایی مووچه‌ی مانگی شوباتی فه‌رمانبه‌ران دابه‌شده‌كات، به‌ڵام دیارنیه‌ كه‌ پێش جه‌ژن فه‌رمانبه‌ران مووچه‌یه‌كی دیكه‌ وه‌رده‌گرن یان نا.

وتیشی: هیچ كێشه‌یه‌ك له‌سه‌ر ناردنی بڕی 522 ملیار دیناری مانگه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه‌ بۆ هه‌رێم نیه‌و چاوه‌ڕوانده‌كرێت حكومه‌تی نوێی هه‌رێم ئه‌و پرسه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراق یه‌كلا بكاته‌وه‌، به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی پێشتر هه‌بووه‌.

له‌باره‌ی دابه‌شكردنی مووچه‌یه‌كی دیكه‌ پێش جه‌ژن، سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی دارایی راگه‌یاند: ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌تی سامانه‌سروشتییه‌كان و حكومه‌تی عیراق پێش ئه‌و واده‌یه‌ی كه‌له‌ئێستادا هه‌یه‌ كه‌ مانگانه‌ 2 و 3ی مانگ ده‌كات، پاره‌ بخاته‌ سه‌ر حساب بانكی وه‌زاره‌تی دارایی، بێگومان ده‌ست به‌دابه‌شكردنی ده‌كه‌ین، به‌ڵام به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی هه‌یه‌ پێناچێت پێش جه‌ژن مووچه‌یه‌كی دیكه‌ دابه‌شبكرێت.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ وتیشی: وه‌زاره‌تی دارایی ته‌نها لایه‌نی جێبه‌جێكردنه‌و هه‌ركات پاره‌ی پێویست له‌به‌رده‌ست وه‌زاره‌ت هه‌بوو ده‌ست به‌دابه‌شكردنی ده‌كرێت.