"یەكێتیی پۆستی سەرۆك كۆماری بەكێبڕكێ و هەڵبژاردن بەدەستهێناوە، بۆیە پارتی بۆی نییە بڵێت یەكێتیی مافی خۆی لەعیراق وەرگرتوە"

أيار 12, 2019
یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان پەیامێكی هۆشداریی ئاراستەی پارتی دەكات لەبارەی پۆستی وەزارەتی دادی عیراقەوە، پەرلەمانتارێكی ئەو حزبەش ڕایدەگەیەنێت، "یەكێتیی پۆستی سەرۆك كۆماری بەكێبڕكێ و هەڵبژاردن بەدەستهێناوە، بۆیە پارتی بۆی نییە بڵێت یەكێتیی مافی خۆی لەعیراق وەرگرتوە".

 

 

شاخەوان عەبدوڵڵا پەرلەمانتاری پێشوی پارتی لەئەنجومەنی نوێنەران بەماڵپەڕی (عەهد نیوز)ی ڕاگەیاندوە، حزبەكەی هیچ كاندیدێكی بۆ پۆستی وەزیری داد نابێت و سەرۆك وەزیرانی عیراقیشیان سەرپشككردوە لەدیاریكردنی كاندیدێك بۆ ئەو پۆستە، بەمەرجێك سەر بەیەكێتیی نەبێت، چونكە بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، "یەكێتیی پشكی خۆی وەرگرتوە".
 
جەمال شوكور پەرلەمانتاری یەكێتیی لەئەنجومەنی نوێنەران  ڕاگەیاند، "بەگوێرەی بەركەوتەی هەڵبژاردن، وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی دادی مافی یەكێتییەو تەنانەت بەكەمیشی دەزانین، بۆیە ئەوەی ئەو پەرلەمانتارەی پارتی باسیدەكات، دورە لەڕاستییەوە".
 
وتیشی:"یەكێتیی بەئیستیحقاقی خۆی هیچی وەرنەگرتوە، چونكە سەرۆك كۆمار لەئەنجامی كێبڕكێ بەدەستمانهێناوەو پارتی كاندیدی هەبوە، بۆیە مافی ئەوەیان نییە بڵێن یەكێتیی مافی خۆی وەرگرتوە".
 
باسی لەوەشكرد، "پارتی پۆستی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزیری دارایی كە هاوكات جێگری سەرۆك وەزیرانی عیراقە، لەگەڵ وەزیری ئاوەدانكردنەوەیان بەدەستهێناوەو ئێمەش دەنگمان بۆ داون و كاندیدیشمان نەبوو".