لەبەغداوە بۆ هەرێم وادەی ناردنی پارەكە ئاشكراکرا

أيار 12, 2019
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم دڵنیایی لەناردنی پارەی گەنمی جوتیارانی ئەمساڵ دوای ڕادەستكردنی بەبەغدا دەدات، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی وەزارەتەكەش وادەی ناردنی پارەكە ئاشكرادەكات.

 

 

نەوزاد ئەدهەم بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لەوەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم  ڕاگەیاند، "بەگوێرەی بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، یەك هەفتە دوای ڕادەستكردنی گەنمی جوتیارانی ساڵی ٢٠١٩، حكومەتی عیراق پارەی گەنمی جوتیاران خەرجدەكات".
 
جەختیشیكردەوە، "ساڵانی ٢٠١٧و ٢٠١٨ حكومەتی عیراق لەماوەی دوو سێ مانگی دوای ڕادەستكردنی گەنم، پارەی جوتیارانی خەرجكرد، بەڵام ئەمساڵ زۆر زوتر لەو ماوەیە جوتیاران پارەی بەرهەمەكانیان وەردەگرن".
 
سەبارەت بەجیاوازی پارەی دیاریكراوی گەنمی ئەمساڵ بەبەراورد بەساڵانی دیكە، نەوزاد ئەدهەم ئاشكرایكرد، "ساڵانە پارەی گەنمی جوتیاران بەگوێرەی یاسای بودجە دیاریدەكرێت، ئەمساڵ پارەی گەنمی جوتیاران (١٩٢ ملیار) دینارە لەبەرامبەر وەرگرتنی (٣٤٠ هەزار) تۆن گەنم".
 
وتیشی:"ئەگەربێت و بڕی گەنمەكە زیاتر بكرێت، پێویستە بەدەر لەیاسای بودجە ڕەزامەندی لەسەر زیادكردنی پارەكە بدرێت".