یه‌كێتی‌ له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ره‌ یه‌كێتییه‌كان له‌سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم هاته‌ ده‌نگ

أيار 13, 2019
ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌سه‌ر بڕیاری گواستنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ره‌ یه‌كێتییه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هاته‌ ده‌نگ و رایگه‌یاند كه‌ "ئه‌و بڕیاره‌ جێگای نیگه‌رانییه‌ و یه‌كێتی چاو له‌و بڕیاره‌ و بڕیاری تری له‌و جۆره‌ش ناپۆشێت".
 
دوای بڕیاری گواستنه‌وه‌ی راژه‌ی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر میلاكی یه‌كێتی نیشتمانی‌ كوردستان له‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ده‌وام ده‌كه‌ن، ئارێز عه‌بدوڵا ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ "له‌ ھه‌لومه‌رجێكدا كه‌ ھه‌موومان چاوه‌ڕوانی ئه‌نجام و لێكه‌وته‌ باشه‌كانی ڕێككه‌وتن و پێكھێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت و كاراكردنه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ھه‌رێمین، ئه‌مڕۆ له‌پڕ ھه‌واڵی گواستنه‌وه‌ی نزیكه‌ی ھه‌موو فه‌رمانبه‌ره‌ یه‌كێتییه‌كان و چه‌ند پارتییه‌كی ناو دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ھه‌رێم بۆ وه‌زاره‌ته‌كان بڵاوكرایه‌وه‌".
 
ئارێز عه‌بدوڵا ده‌ڵێت: "ئه‌و ھه‌واڵه‌ له‌ ئه‌نجامی بڕیارێك بوو كه‌ به‌ واژووی سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌ركراوه‌. به‌ڕاستی ئه‌و بڕیاره‌ جێگای نیگه‌رانییه‌، چونكه‌: ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ ده‌مێكه‌ له‌وێ كارده‌كه‌ن".
 
ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "ئه‌گه‌ر گواستنه‌وه‌شیان پێویست بێت ده‌بوایه‌ چاوه‌ڕوانی ھه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك و كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ھه‌رێم بووان. هه‌روه‌ها، ئه‌و بڕیاره‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ حكومه‌تێكی ھاوپه‌یمانی پێكده‌ھێندرێت و خه‌ڵكی چاوه‌ڕوانی كه‌مكردنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كان و به‌یه‌كه‌وه‌ كاركردنن، نه‌ك پاكتاوكردنی دامه‌زراوه‌كان و تاپۆكردنیان له‌سه‌ر لایه‌نێكی دیاریكراو".
 

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "سه‌یركردنی كارمه‌ندان و فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌ت به‌چاوی حزبی و مامه‌ڵه‌ی حزبایه‌تی كارێكی نه‌شیاوه‌، ده‌بێت ھه‌موو لایه‌ك بزانین كه‌ دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت موڵكی ھه‌موو خه‌ڵكی كوردستانن و ناكرێت لایه‌نێك یان چه‌ند لایه‌نێك له‌ (ئه‌لف تا یا) خاوه‌نداریه‌تیان بكه‌ن. هه‌روه‌ك له‌ ھه‌رێمی كوردستان ئازادی بیر و باوه‌ڕ و حزبایه‌تی ئازاده‌، ناكرێ به‌ھۆكاری بیروبۆچونی جیاواز ھاووڵاتیان به‌گشتی و كارمه‌ندانی حكومه‌ت به‌تایبه‌ت له‌ مافه‌كانیان بێ به‌ش و جیاكاریان پێبكرێت".

ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی یه‌كێتی نووسیویه‌تی‌: "سزادانی به‌كۆمه‌ڵ كارێكی نا ده‌ستوری و رێكارێكی نایاساییه‌ و نابێت ئه‌و جۆره‌ ھه‌نگاوانه‌ بندرێن، راسته‌ چه‌ند ئه‌ندامێكی پارتیش له‌ناو ئه‌و لیسته‌دان، به‌ڵام ئایا ئه‌وانه‌ به‌ ئاگری یه‌كێتییه‌كانه‌وه‌ سوتاون یان بۆ پاساوی پاكتاوكردن كراونه‌ته‌ قوربانی؟".
 

روونیشیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ "سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ھه‌واڵێكی وا ھه‌یه‌ كه‌ ھه‌ندێك فه‌رمانبه‌ری پله‌ باڵای سه‌رۆكایه‌تی ھه‌رێم و ھه‌ندێك جێگای تریش ناچار به‌خۆ خانه‌نیشكردن ده‌كرێن. ئه‌وه‌ش ھه‌نگاوێكه‌ كه‌ نه‌ له‌ڕووی سیاسی و نه‌ له‌ روِوی یاسایی له‌به‌رژه‌وه‌ندی گشتی نییه‌ و نابێت".

ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "ھیوادام سه‌رۆكی حكومه‌تی ئێستا و سه‌رۆكی ئاینده‌ی ھه‌رێم چاوێك به‌و بڕیاره‌دا بخشێنێته‌وه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ یه‌كێتی چاو له‌و بڕیاره‌ و بڕیاری تری له‌و جۆره‌ش ناپۆشێت، چونكه‌ له‌ پشتی ئه‌و جۆره‌ بڕیارانه‌ بابه‌تی تر ده‌خوێندرێنه‌وه‌، ئه‌و بابه‌تانه‌ش نیگه‌رانی و دڵه‌راوكێ و ترس له‌ناو خه‌ڵكی كوردستان دروست ده‌كه‌ن".