دوای تێپەڕبونی زیاتر لە پێنج مانگ لە ساڵی 2019 تا ئێستا موچەی مانگێک بەتەواوەتی دابەشکراوە

أيار 14, 2019

دوای تێپەڕبونی زیاتر لە پێنج مانگ لە ساڵی 2019، تا ئێستا موچەی مانگێک بەتەواوەتی دابەشکراوە، وەزارەتی داراییش دەستیکردوە بە دابەشکردنی موچەی مانگی شوبات بەڵام دابەشکردنە بە سستی بەڕێوەدەچێت.

تا ئێستا پارە لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان نەنێردراوە، بۆیە دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە سستی بەڕێوەدەچێت

 

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم  راگەیاند، "تا ئێستا پارە لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان نەنێردراوە، بۆیە دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە سستی بەڕێوەدەچێت".

وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی موچە پشت دەبەستێت بە بڕی 378 ملیاری دیناری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم و بڕی 522 ملیاری دیناری بەغدا، کە مانگانە بۆ موچەی فەرمانبەرانی دەنێرێت.

 

بەپێی مانگەکانی رابردو بێت، 17ی مانگ بەغدا موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رەوانە دەکات

 

حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە زیاتر لە 420 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، کۆی ئەو داهاتەش حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە لە نەوتی فرۆشراو دەستی دەکەوێت لە نێوان 350 بۆ 400 ملیۆن دۆلاردایە.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق راگەیاند، "هیچ کێشەیەک لە ناردنی موچەی فەرمانبەراندا نییە، بەپێی مانگەکانی رابردو بێت، 17ی مانگ بەغدا موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رەوانە دەکات".