سەرۆکایەتى هەرێم لەسەر گواستنەوەى راژەى فەرمانبەرانى سەرۆکایەتى هەرێم روونکردنەوە دەدات

أيار 15, 2019

دیوانى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان رەتیدەکاتەوە کە گواستنەوەى راژەى فەرمانبەرانى سەرۆکایەتى هەرێم لە پشکى یەکێتى پەیوەندى بە بابەتى سیاسییەوە هەبێت.

 

لە راگەیەنراوێکدا دیوانى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، ئێمە ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە کە گواستنەوەى ژمارەیەک فەرمانبەرى سەرۆکایەتى هەرێم بۆ وەزارەتەکان بەهۆکارى سیاسى بووبێت، بەڵگو بڕیارەکە بۆ گۆڕانکاریکردنە لەمیلاکى سەرۆکایەتى هەرێم کە زیادەیە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، گواستنەوەى راژەى ئەو فەرمانبەرانە بۆ ئەوەیە لە وەزارەت و دامەزراوەکانى ترى حکومەت سود لە تواناکانیان وەربگیرێت نەک بابەتى سیاسى.

 

هەروەها دیوانى سەرۆکایەتى هەرێم رونیکردوەتەوە، بڕیارى گواستنەوەى راژەى ئەو فەرمانبەرانە لەچوارچێوەى رێکارێکى کارگێڕیدایەو بۆ رێکخستنەوەى هەیکەلیەتى سەرۆکایەتى هەرێم بووە نەک بابەتى سیاسى.

 

سەرۆکایەتى هەرێم داواشى لە دەزگاکانى راگەیاندن کردوە رەچاوى بنەماکانى راستگۆیی بکەن لە بڵاوکردنەوەى هەواڵەکانیان.

 

لەچەند رۆژى رابردوودا میدیاکانى یەکێتى بڵاویانکردەوە کە نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم راژەى ژمارەیەک فەرمانبەرى سەرۆکایەتى هەرێم لە پشکى یەکێتى گواستووەتەوە بۆ وەزارەتەکانى حکومەت، ئەوەشیان لەلایەن یەکێتییەوە بەسزادانێکى سیاسى لێکدرایەوە.