هێرشه‌که‌ی زاخۆ په‌که‌که‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی هه‌رێمی له‌ پێکدادان نزیک کرده‌وه‌

حزيران/يونيو 12, 2019

هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی زاخۆ به‌رگرییان له‌ باره‌گایه‌کی سه‌ربازیی تورکیا کردووه‌ له‌ گوندی ״گرێ بی״ که‌ گه‌وره‌ترین باره‌گای تورکیا بووه‌ له‌ناو خاکی هه‌رێم، ئه‌وه‌ش دوای هێرشێکی چه‌کدارانی په‌که‌که‌ بۆ سه‌ر ئه‌و باره‌گایه‌.

هه‌ینیی ڕابردوو هێزێکی پارتی کرێکارانی کوردستان له‌ ناحیه‌ی باتیفه‌ی سه‌ر به‌ قه‌زای زاخۆ هێرشیان کردووه‌ته‌ سه‌ر باره‌گایه‌کی تورکیا له‌ گوندی ״گرێ بی״ که‌ گه‌وره‌ترین باره‌گای تورکیایه‌ و به‌ پێی زانیارییه‌کانیش زیاتر له‌ 20 سه‌ربازی تورکیا کوژراون، به‌ڵام هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی زاخۆ به‌رگرییان له‌ باره‌گاکه‌ کردووه‌ و ڕێگرییان کردووه‌ باره‌گاکه‌ به‌ ته‌واوی له‌ لایه‌ن هێزه‌کانی په‌که‌که‌وه‌ کۆنتڕۆڵ بکرێت.

سەرچاوەیەك لەناو هێزەكانی پەكەكە بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند: لەگەڵ هێرشمان بۆ سەر باره‌گای توركیا لە گوندی ״گرێ بی״ لە ناحیە باتیفا و تێکشکانی باره‌گاکه‌ی تورکیا هێزه‌کانی پۆلیس و ئاسایشی زاخۆ ڕێگرییان کرد که‌ هیچ هاوکارییه‌ک و هێزی زیاتری ئێمه‌ بگه‌نه‌ شوێنه‌که‌.

وتیشی: ״دوای ئه‌وه‌ ژماره‌یه‌کی زۆر فڕۆکه‌ی تورکیا هاتنه‌ شوێنه‌که‌ و ده‌ستیان به‌ تۆپباران کرد به‌ شێوه‌ی هه‌ڕه‌مه‌کی، ئه‌وه‌ش وای کرد ئێمه‌ پاشه‌کشه‌ بکه‌ین و هێزی هه‌ڵاتووی تورکیا بگه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنه‌کانی خۆیان.״

هاوکات دلشێر عه‌بدولستار، بەڕێوەبەری ناحیەی باتیفا بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند: زیاتر لە یەك كاتژمێر شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوه‌ لە نێوان هێزەكانی پەكەك و توركیا بەردەوام بوو و بە هۆی ئەوەشه‌وه‌ زیانی گیانی بە هاووڵاتییان نەگه‌یشتووە بەڵام ڕ‎ەز و باخێکی زۆری هاووڵاتییان سوتاون.

وتیشی: ״لە هەردوولا بریندار و كوژراو هەبووه‌.״

״ئاژانس״ هەوڵی دا لێدوان لە پۆلیس و ئاسایش وەربگرێت بەڵام ڕەتیان كرده‌وە قسە بكەن.

یه‌کێک له‌ ئه‌فسه‌ره‌کانی پۆلیس که‌ نه‌یویست ناوی ئاشکرا بکرێت به‌ ״ئاژانس״ی وت: ״چوونی پۆلیس بۆ ئەوە بووه‌ كە گیانی هاووڵاتییانی ناوچەكە بپارێزن و داخستنی ڕێگه‌که‌ش بۆ ئەوە بووە كە هاووڵاتییان بەو شێوە نەڕۆن و زیانیان پێ نەگات و بۆ هیچ مەبه‌ستی تر نەبووە.״