دارایی عیراق هۆشداری توند ده‌دات له‌باره‌ی‌ ناردنی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم

حزيران/يونيو 12, 2019
لیژنه‌ی‌ دارایی عیراق هۆشداری توند ده‌دات له‌باره‌ی‌ ناردنی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم له‌به‌غداوه‌، ئه‌ندامێكی‌ لیژنه‌كه‌ش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌ بودجه‌كه‌ له‌وه‌زاره‌تی‌ دارایی عیراقیشه‌وه‌ هاوشێوه‌ی‌ ئه‌مساڵ ئاماده‌بكرێت، ئه‌وا له‌په‌رله‌مان ده‌نگ ناهێنێت"، جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، "پڕۆژه‌ی‌ بودجه‌ هاوشێوه‌ی‌ ساڵی ڕابردوو نابێت و ده‌بێت بۆ ساڵی 2020 هه‌رێم نه‌وته‌كه‌ی‌ ڕاده‌ستبكات".

 

به‌گوێره‌ی‌ چه‌ند زانیاریه‌كی‌ میدیایی، وه‌زاره‌تی‌ دارایی عیراق ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌داوه‌، پڕۆژه‌ی‌ بودجه‌ی‌ 2020 هاوشێوه‌ی‌ 2019 ده‌بێت و به‌بێ‌ ڕاده‌ستكردنی‌ نه‌وت، عیراق موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم ده‌دات، ئه‌مه‌ش به‌ڕێكه‌وتنی‌ پێشوه‌خته‌ له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غدادا.
شیروان میرزا ئه‌ندامی لیژنه‌ی‌ دارایی له‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران رایگەیاند. ته‌ئكیدیكرده‌وه‌، ئه‌وه‌ی‌ ده‌وترێت بۆ ساڵی داهاتوو واتا 2020 یاسای بودجه‌ هاوشێوه‌ی‌ ئه‌مساڵ ئاماده‌ده‌كرێت و  مانگانه‌ 453 ملیار دینار ڕه‌وانه‌ ده‌كرێت و نه‌وتیش ڕاده‌ستناكرێت، هیچ بنه‌مایه‌كی‌ نییه‌.
وتیشی‌:"ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌ بودجه‌ی‌ 2020 له‌وه‌زاره‌تی‌ دارایی عیراقه‌وه‌ هاوشێوه‌ی‌ ئه‌مساڵیش ئاماده‌بكرێت، ده‌بێت بهنێرێته‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران و ده‌نگی‌ له‌سه‌ربدرێت، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر هه‌مان پڕۆژه‌ی‌ ئه‌مساڵیش بێت، به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌په‌رله‌مان ده‌نگ ناهێنێت".
په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كه‌ی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی جه‌ختیكرده‌وه‌، "مه‌رجی ناردنی‌ بودجه‌ی‌ ته‌رخانكراو بۆ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم كه‌ ساڵی‌ داهاتوو ڕه‌وانه‌ بكرێت، ڕاده‌ستكردنی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێمه‌ بۆ كۆمپانیای‌ سۆمۆی نیشتیمانی‌، ئه‌وكات به‌غدا پاره‌ی‌ پێویست به‌گوێره‌ی‌ یاساكه‌ كه‌ ئاماده‌ده‌كرێت، مانگانه‌ بۆ هه‌رێمی‌ ده‌نێردرێت".