هەر بارزگانێک ئۆتۆمبێلی لێدراو هاوردەبکات سزادەدەرێت

حزيران/يونيو 13, 2019

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم بڕیاریدا لێپێچینەوە لەو کەسانە بکات کەئۆتۆمبێلى ژێرئاوكه‌وتوو هاورده‌ى هه‌رێم ده‌كه‌ن، هەر کەسێکیش پابەندی بڕیارەکە نەبێت بە بڕی ٥٠ ملیۆن دینار سزا دەدرێت.

بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆ لیژنەیەکی هونەری لە هاتوچۆی هەر سێ پارێزگای سلێمانی و هەولێر و دهۆک پێکدەهێنرێت بۆ جێبەجێکردنی بریارەکە و نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ و دارایشی تێدا دەبێت.

ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو لیژنانە پشکنینی کۆتایی بۆ ئۆتۆمبێلە هاوردەکان دەکەن و لە کاتی بوونی جیاوازی لەگەڵ ئەو پشکنینەی کە لە خاڵە سنوریەکان کراوە، ئەوا ئۆتۆمبێلەکە دەگەڕێندرێتەوە.

هەر بەپێی بڕیارەکە بۆ لەمەودوا بەڵێننامە لەو کۆمپانیایانە وەردەگیرێت کە مۆڵەتی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلیان هەیە و لە کاتی پابەند نەبونیشیان بە بڕیارەکەوە سزا دەدرێن.

ئاماژە بەوەشکراوە، تاوەکو ڕۆژی ٣٠ی ٦ی ٢٠١٩بۆ ئاڵوگۆڕکردنی داتاکان بۆ هەموو کەرەستەکانسەرجەم کۆمپانیاکانی کوالیتی کۆنترۆڵ لە دەروازە سنوریەکان بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی بە یەکەوە دەبەسترێنەوە.