21 پەرلەمانتار دەنگ بە کابینەی نوێکەی حکومەت نادەن

تموز/يوليو 10, 2019
لە کۆی 111 پەرلەمانتار 21 پەرلەمانتار دەنگ نادەن بە کابینە نوێکەی حکومەتی هەرێم.

ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی تەمموزی 2019، مەسرور بارزابنی راسپێردراو بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەندامانی کابینەکەی، لە پەرلەمانی کوردستان، سوێندی یاسایی دەخۆن.

هەریەکە لە فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی و گۆڕان و حسک و کەمە نەتەوەییەکان کە 90 پەرلەنتاریان هەیە دەنگ دەدەن بە کانیدەکانی پۆستە وزارییەکان.

هەروەها فراکسیۆنەکانی نەوەی نوێ و کۆمەڵ و یەکگرتو و  شیوعی ئۆپۆزسیۆن بونی خۆیان رانەگەیاندوە و چاوەڕوانیش دەکرێت دەنگ نەدەن بەو کەسانەی کە کاندیدن بۆ پۆستە وزارییەکان.

سەفین ئاغا گەردی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاندوە "بەپێی ڕێککەوتنی سیاسی، سەرۆکی ڕاسپێردراو بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، ٩٠ دەنگ دەھێنێت و وەزیرەکانیش جارێ دیار نییە"‌.

سەفین گەردی ئاماژەی بەوەشداوە "مەسرور بارزانی بە ‌بۆنەی دەست بەکاربوونییەوە، وتارێکی دەبێت و لە وتارەکەدا رەوشی ئیدارە و پەرلەمان و حکوومەت و ھەنگاوەکانی داھاتووی دەخاتە ڕوو".