بۆ ڕزگارکردنی فوئاد حسێن پارتی داوای هاوکاریی لە یەکێتیی دەکات

تموز/يوليو 10, 2019

واژۆی 61 په‌رله‌مانتاری عێراق كۆ كراوه‌ته‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی لێپرسینه‌وه‌ له‌ فوئاد حسێن، وه‌زیری دارایی عێراق و پارتیش كه‌وتووه‌ته‌ هه‌وڵی جددی بۆ دواخستن یان ڕاگرتنی ئه‌و هه‌وڵه‌ی كه‌ ئه‌و 61 په‌رله‌مانتاره‌ گرتوویانه‌ته‌ به‌ر، بۆ شکستپێهێنانی ئەو هەوڵەش داوای هاوکاریی لە یەکێتیی کردووە.

بە پێی زانیارییەکانی ״ئاژانس״، لە ئێستادا پارتی تەحالوفێکی بەهێزی لەگەڵ هادی عامری و نوری مالیکی هەیە و هەوڵ دەدات لە ڕێگەی فەتح و نوری مالیکی و هەتا ڕەوتی حیکمەش هەوڵی سەرەکییان لەگەڵ سەرۆکایەتیی پەرلەمان (جێگری یەکەم و دووەم)ـە ئه‌وه‌یه‌ تا ئەو هەوڵە سەرنەگرێت.

هەر بە پێی زانیارییەکانی ״ئاژانس״، پارتی داوای هاوکاریی لە یەکێتیی کردووە تا چارەنووسی فوئاد حسێنیش هەمان چارەنووسی وشیار زێباری نەبێت کە لە کابینەی پێشوودا پەرلەمان متمانەی لێ وەرگرتەوە.

په‌رله‌مانتارێکی یه‌کێتیی له‌ په‌رله‌مانی عێراق که‌ نه‌یویست ناوی بڵاو بکرێته‌وه‌ ئه‌و زانیارییه‌ی پشتڕاست کرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند: هه‌وڵی ڕه‌سمیم نه‌بیستووه‌ له‌سه‌ر ئاستی حزب، به‌ڵام په‌رله‌مانتاره‌کانی پارتی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌یان لای په‌رله‌مانتارانی یه‌کێتیی باس کردووه‌.

هه‌رچه‌نده‌ په‌رله‌مانی عێراق داوای کردووه‌ که‌ وه‌زیری دارایی بێته‌ په‌رله‌مان، به‌ڵام هێشتا پارتی له‌ هه‌وڵه‌کانی به‌رده‌وامه‌ تا لانیکه‌م له‌ دانیشتنه‌که‌دا ته‌نها گفتوگۆ بکرێت و لێپرسینه‌وه‌ و ئه‌گه‌ری متمانه‌لێوه‌رگرتنه‌وه‌ له‌ فوئاد حسێن دوا بخات.

هۆشیار عه‌بدوڵڵا، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״فوئاد حسێن، خۆی و فراكسیۆنه‌كه‌یان و چه‌ند كوتله‌یه‌كی تر له‌ په‌رله‌مانی عێراق كه‌وتوونه‌ته‌ خۆیان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و مه‌سه‌له‌ی (استجواب)ه‌ دوا بخه‌ن و ته‌نانه‌ت هه‌وڵیان داوه‌ له‌ ڕێگه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانیشه‌وه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ ڕاگرن.״

وتیشی: ״مامەڵەی وەزیری دارایی بە تایبەت لەگەڵ پەرلەمانتاران ئەگەر بەم شێوەیەی ئێستای بەردەوام بێ پارتی هەر دەبێت خەریکی هەڵوەشاندنەوەی (استجواب)ـەکانی وەزیری دارایی بێت.״

ئیجرائاتێكی یاسایی هه‌یه‌ له ‌په‌رله‌مانی عێراق ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌  بۆ لێپرسینه‌وه‌ داوا له‌  هه‌ر وه‌زیرێك بكرێت بێته‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، سه‌ره‌تا چه‌ند په‌رله‌مانتارێك واژۆ كۆ ده‌كه‌نه‌وه‌ و له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ ڕاپۆرتێك ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان ده‌كه‌ن، سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانیش بڕیار ده‌دات كه‌ ئه‌و هه‌وڵه‌ بخاته‌ به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانه‌وه‌ یاخود نا.

ڕێبوار کەریم، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ״ئاژانس״ی وت: ״تازه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی واژۆ كۆ كراوه‌ته‌وه‌ و داوا كراوه‌ پارتی ناتوانێت مه‌سه‌له‌ی لێپرسینه‌وه‌كه‌ ڕابگرێت و ڕه‌ت بكرێته‌وه‌، چونكه‌ ده‌بێت 61 په‌رله‌مانتاره‌كه‌ داواكه‌یان بكشێننه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش ئه‌سته‌مه‌، به‌ڵام ده‌كرێت ڕێككه‌وتنی سیاسی له‌سه‌ر بكرێت و پێشتر حاڵه‌تی وا هه‌بووه‌.״

هه‌ر وەزیرێك كه‌ به‌ سیفه‌تی ״بانگهێشت״ داوا ده‌كرێت بێته‌ په‌رله‌مانی عێراق ته‌نها پرسیار له‌و وه‌زیره‌ ده‌كرێت، به‌ڵام كاتێك كه‌ به‌ سیفه‌تی ״استجواب-لێپرسینه‌وه‌״ بانگ ده‌كرێت بۆ په‌رله‌مانی عێراق ئه‌وا ئه‌و وه‌زیره‌ تۆمه‌تباره‌ به‌ گه‌نده‌ڵی و كه‌موكوڕی و ده‌كرێت هه‌ر له‌و دانیشتنه‌ی په‌رله‌مان متمانەی لێ وەربگیرێتەوە وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ خولی پێشوو به‌رامبه‌ر (وشیار زێباری) ڕووی دا.

شێروان میرزا،  ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ پشكی یه‌كێتیی بۆ ״ئاژانس״وتی: ״بەشێکی واژۆکان شەخسین، کوتلە کوردییەکان ڕازی نین لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لێپرسینەوە لە فوئاد حسێن بکرێت، بەڵام ئەگەر لەسەر مەسەلەی گەندەڵی و کەموکوڕییە ئەوە شتێکی ترە.״

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و واژۆیانه‌ كه‌ بۆ ״استجواب-لێپرسینه‌وه‌״ له ‌وه‌زیری دارایی له ‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانی كوتله‌ عه‌ره‌بییه‌كانه‌وه‌ كۆ كراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به ‌پێی زانیارییه‌كانی ״ئاژانس״ نوێنه‌رانی كورد له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسه‌ بوون به‌ دوو به‌شه‌وه،‌ به‌شێكیان له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌كه‌ن بۆ لێپرسینه‌وه‌ له‌ ״فوئاد حسێن״ و به‌شێكی تریشیان له‌گه‌ڵ لێپرسینه‌وه‌ له‌ وه‌زیری دارایی نین.

د.ناسر هەرکی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، نەیشاردەوە کە هەوڵی ئەوان بۆ بەرگری لە کارە باشەکانی فوئاد حسێن بەردەوامە و بە ״ئاژانس״ی وت: ״هەر هەوڵێک لەو بارەیەوە شکست دەهێنێت، زۆربەی ئەو پەرلەمانتارانەی کە لەسەر د.فوئاد قسە دەکەن ئەوانەن بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دەیانەوێ کارێکی تایبەتی پێ بکەن.״