ناکۆکی دوو ئامۆزا بارزانیەکە لەداھاتووی حکومڕانی ھەرێمدا رونتر دەردەکەوێ

تموز/يوليو 10, 2019

پەرلەمانتارێکى پێشووى پەرلەمانى کوردستان رایدەگەیەنێت، ناکۆکی دوو ئامۆزا بارزانیەکە لەداھاتووی حکومڕانی ھەرێمدا رونتر دەردەکەوێ.

 

بێستوون فایەق پەرلەمانتارى پێشووى بزوتنەوەى گۆڕان دەڵێت،سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێم بۆ فەرەنسا لە ھەمان رۆژو کاتی سوێندخواردن و دەست بەکاربونی کابینەو سەرۆکی حکومەت لە رێکەوت ناچێ ، ناکرێ و ناگونجێ سەرۆک و کەسی یەکەمی ھەرێم لە موناسەبەیەکی وەھا گرنگدا وڵاتەکە جێبھێڵێ کە کابینەی وزاری دەگۆڕێ و ستاف و سەرۆکێکی نوێ لە دوای زیاتر لە حەوت مانگ ململانێ و رێکنەکەوتن دەست بەکار دەبن .

ئاماژەى بەوەشکرد، ئەم دورکەوتنەوەی نێچیرڤان بارزانی لەم رۆژەدا زۆر بەڕوونی دەرخەری ململانێ و نەسازانێتی لەگەڵ مەسرور بارزانی ئامۆزاو ژن برایدا.

 

پەرلەمانتارەکەى پێشووى گۆڕان جەخت دەکاتەوە، ئەم رق و ناکۆکیەی نێوان دوو ئامۆزا بارزانیەکەی سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەت لە ماوەکانی داھاوتوی حکومڕانی ھەرێمدا رونتر دەردەکەوێ و لەبری ھەماھەنگی و تەواوکردنی یەکتر ھەردوو دەزگای جێبەجێکردن سەرۆکایەتی ھەرێم و کابینەی حکومەت رادەکێشێتە نێو ململانێ و نەگونجانی خێزانی و حزبی و بەرژەوەندی ئابوری شەخسیەوە .