له‌ به‌رده‌م وه‌زاره‌تی داد دژی گرانبوونی نرخی عه‌ریزه‌ گردبوونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجامدرا

أيلول/سبتمبر 08, 2019

له‌ به‌رده‌م وه‌زاره‌تی داد له‌ شاری هه‌ولێر، دژی گرانبوونی نرخی عه‌ریزه‌ پارێزەران گردبوونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجامداو یاداشتێکیان دایە وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێم، په‌رله‌مانتارێكی فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێش زانیاری ده‌دات.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 8ی ئه‌یلولی 2019، ژماره‌یه‌ك پارێزه‌ر و یاسا ناس و رۆژنامه‌نووس و چالاكوان له‌ به‌رده‌م وه‌زاره‌تی داد له‌ شاری هه‌ولێر گردبوونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زاییان دژی گرانبوونی نرخی عه‌ریزه‌ ئه‌نجامدا و یاداشتێكیان دایه‌ وه‌زاره‌تی داد.

كاوه‌ عه‌بدولقادر، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ  راگه‌یاند: ئه‌مڕۆ وه‌ك ئه‌ندامێكی فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ به‌شداری له‌و گردبوونه‌وه‌یه‌ كردووه‌ كه‌ ژماره‌یه‌ك یاسا ناس و چالاكوان رێكیان خستبوو دژی گرانبوونی نرخی عه‌ریزه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان کەبەھۆی گرێبەستێکی نێوان وەزارەتی داد و کۆمپانیایەک بەدەر لەیاسا ئەنجامدراوە.

وتیشی: "له‌ لیژنه‌ی یاسایی كارمان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ كردووه‌ و ره‌نگه‌ له‌ داهاتوودا وه‌زیری داد بانگهێشتی په‌رله‌مان بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بزانین له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك ئه‌و گرێبه‌سته‌ ئه‌نجام دراوه‌".

وه‌ك په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی نه‌وه‌ی نوێ ئاماژه‌ی پێدا، وه‌رگرتنی بڕی 25 هه‌زار دینار بۆ عه‌ریزه‌یه‌ك زۆره‌و له‌و رووه‌وه‌ وتی: "ئێمه‌ له‌ فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ ئاماده‌ین كۆمپانیا بهێنین نرخی عه‌ریزه‌ نووسین به‌ سێ هه‌زار دینار ئه‌نجام بدات به‌ هه‌مان كوالێتی و تایبه‌تمه‌دییه‌وه‌".

راشیگه‌یاند: ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره‌ سه‌ربگرێت به‌ هه‌زاران عه‌ریزه‌ نووس بێكار ده‌بن.