نه‌وزاد هادی ده‌بێته‌ راوێژكاری سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم

أيلول/سبتمبر 10, 2019
له‌دوای ده‌ستبه‌رداربوونی نه‌وزاد له‌هادی له‌ پۆستی پارێزگاری هه‌ولێر، بڕیاره‌ به‌منزیكانه‌ كه‌سێكی تر له‌و پۆسته‌ دابنرێت، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێریش رایده‌گه‌یه‌نێت: نه‌وزاد هادی ده‌بێته‌ راوێژكاری سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم.

 

 

ئه‌مڕۆ 9ی 9ی 2019، نه‌وزاد هادی پارێزگای هه‌ولێر وه‌ك ماڵئاواییه‌ك سه‌ردانی ئه‌نجومه‌نی  پارێزگای هه‌ولێری كردو بڕیاروایه‌ به‌منزیكانه‌ له‌پۆستێكی دیكه‌دا ده‌ستبه‌كار بێت.

عه‌لی ره‌شید، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر  راگه‌یاند: بڕیاروایه‌ نه‌وزاد هادی پارێزگاری هه‌ولێر له‌چه‌ند رۆژی داهاتوودا وه‌ك راوێژكاری سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ده‌ستبه‌كار بێت.

وتیشی: "دوای ده‌ستبه‌كاربوونی له‌پۆسته‌ نوێیه‌كه‌ی، كه‌ به‌شێوه‌ی گواستنه‌وه‌ ده‌ڕواته‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، ئه‌وكاته‌ لیستی براوه‌ی هه‌ڵبژاردن كه‌ فراكسیۆنی پارتییه‌، سیڤی كاندیدی نوێی پارێزگار پێشكه‌شی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر ده‌كات، ئێمه‌ش ماوه‌ی 48 سه‌عاتمان له‌به‌رده‌ستدا ده‌بێت بۆئه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی بكه‌ین و پارێزگاری نوێ هه‌ڵبژێرین".

راشیگه‌یاند: ئه‌گه‌ر له‌چه‌ند رۆژی داهاتوودا نه‌وزاد هادی له‌پۆسته‌ نوێیه‌كه‌ی ده‌ستبه‌كاربوو، هه‌روه‌ها فراكسیۆنی پارتیش كاندیدی خۆیان پێشكه‌شكرد، كه‌ تائێستا د.فرسه‌ت سۆفی ئه‌ندامی خولی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان تاكه‌ كاندیدی ئه‌و حزبه‌یه‌، ئه‌وكاته‌ وه‌كو ئه‌نجومه‌نی پارێزگا كۆبوونه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین.