بزوتنەوەی گۆڕان ھاتەدەنگ لەسەر وازھێنانی بەشێک لەبەرپرسەکانی

أيلول/سبتمبر 11, 2019
بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر وازھێنانی جێگری سکرتێرو شەش ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوە ھاتەدەنگ، بەرپرسێکی باڵای بزوتنەوەکەش ڕایدەگەیەنێت، "لەجڤاتی نیشتیمانی پێمان باشبوو بارودۆخەکەش وای پێویست کردوە خانەی ڕاپەڕاندنی نوێ ھەڵبژێرینەوە".

 

بەبیانوی ھەڵبژاردنی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەن جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەکەوە لەکاتێکدا جڤاتی نیشتیمانی وادەی بەسەرچوە، جێگری سکرتێری جڤاتی گشتی و شەش لەئەندامانی جڤاتەکە دەستیان لەکارکێشایەوە.
چالاک موھەندیس ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان  ڕاگەیاند، "بزوتنەوەی گۆڕان، حزبێکی لیبراڵەو بیروباوەڕی جیاواز تێیدا ئازادە، وەک ھەموو حزبێکی دیکەش کە ماوەی کۆنگرەی بەسەرچوە، ماوەی سەرجەم ئۆرگانەکانیشی بەسەردەچێت".
وتیشی:"لەجڤاتی نیشتیمانی پێمان باشبوو بارودۆخەکەش وای پێویست کردوە، خانەی ڕاپەڕاندنی نوێ ھەڵبژێرینەوە".
ئەندامەکەی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان ئاشکراشیکرد، "دوای ھەڵبژاردنی جڤاتی نیشتیمانی لەکۆنفڕانسی نیشتیمانیدا، دواتر جڤاتە  نیشتیمانیە نوێکە بڕیار لەبارەی بەردەوامی ڕێکخەری گشتیی و خانەی ڕاپەڕاندن دەدات".
جەختیشیکردەوە، "خانەی ڕاپەڕاندن بۆ بزوتنەوەی گۆڕان لەجێبەجێکردنی بڕیارەکانی جڤاتی نیشتیمانی زۆر پێویستە".
ئەوەشی وت:"ئەو ئەندامانەی جڤاتی نیشتیمانی و جێگری سەرۆکی جڤاتەکە کە دەستیان لەکارکێشاوەتەوە کەسانی دڵسۆزی بزوتنەوەکەن و تەنھا لەجڤاتی گشتیش دەستیان لەکارکێشاوەتەوە نەک لەبزوتنەوەی گۆڕان".