تەڤگەر: هەژمونی پارتی رێگربوو لە بەشداریكردنمان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا

أيلول/سبتمبر 12, 2018

تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگای كوردستان سەرجەم وردەكاری هۆكاری بەشدارینەكردنیان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئاشكراكرد، هاوسەرۆكی تەڤگەریش لەوەڵامی نەوادا ئاماژە بەوە دەكات، كە هەژمونی پارتی رێگربوە لە بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنەكەدا.
ئەمڕۆ 12ی ئەیلولی 2018، محەمەد عەبدوڵڵا هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگای كوردستان لە پرێس كۆنفرانسێكدا بەیاننامەی حزبەكەیانی خوێندەوە و وتی "پاش بەستنی یەكەم كۆنگرەمان لە 17-10-2014 و بەپشتبەستن بە رێنماییەكان و ئەنجامدانی رێكارە یاساییەكان لە رێگەی پارێزەرانەوە پرۆسەی خۆتۆماركردنمان وەك حزبێكی سیاسی دەستپێكرد، بەڵام پاش تێپەڕبونی 4 ساڵ بەسەر ئەو رۆژەدا، هیچ وەڵامێكی فەرمی تەڤگەر لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە نەدراوەتەوە".
وتیشی "وێڕای وڵامنەدانەوەمان، بەڵام ئێمە لە خەباتی دیموكراسی بەردەوام بووین بۆیە لە ساڵی 2017 و بەپێی هەمواری نوێی پارتە سیاسییەكان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، تەڤگەر وەك لایەنێكی سیاسیی رێگەپێدراو بەشداری هەڵبژاردنی 12ی ئایاری كرد".
هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگای كوردستان ئاماژەی بە خاڵێكی رێگریەكانی بەردەم بەشداریكردنیان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان خستەڕو و وتی "پاساوێكی لاواز لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكان و بە هاندانی رێكخراوە پاشكۆ و سێبەرەكانیان هۆكاری بەشداری پێنەكردنمان بوو لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، كە گوایە تەڤگەر پارتێكی فەرمی نییە، لەكاتێكدا بە پڕكردنەوەی فۆرمی ژمارە 102 و ئەنجامدانی رێكارە یاساییەكان بۆ بەشداریكردن وەك قەوارەیەكی سیاسی بوە نەك وەك حزب، بۆیە ئێمە گرفتمان نەبوە، لەهەمان كاتدا ئەم تانەیە پێچەوانەی رێنماییەكانی كۆمسیۆنە".
لە وەڵامی پرسیارێكی رادیۆی نەوا سەبارەت بەو لایەنەی لەپشت ئەو هەوڵانەیە بۆ رێگریكردن لە تەڤگەر، محەممەد عەبدوڵڵا وتی "بێگومان بەشێوەیەكی راستەوخۆ ئەو هەوڵانە بە هەوڵێكی نەزۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەزانین، كە زۆربەی دامودەزگاكان لەژێر هەژمونی ئەودایە و بەپێی بەرژەوەندییەكانیان دەجوڵێنرێنەوە".