پارتی دیموكرات لە هەڵبژاردنەکان وەکو پیشەى هەمیشەىى ده‌نگى مردووەکان بەکاردێنى

أيلول/سبتمبر 12, 2018

لایه‌نە سیاسییه‌كان له‌ سنووری دهۆك گومانه‌كانیان له‌سه‌ر تۆماری ده‌نگده‌رانی ئەو پارێزگایە‌ زۆر بووه،‌ كه‌ له‌ژێر هه‌ژموونی پارتی دیموكراتی كوردستاندایه و‌ پێیان وایه‌ جگه‌ له‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ناوی مردوو بۆ تۆماره‌كه‌ هاووڵاتییانی توركیاش خراونه‌ته‌ ناوی.

ڕه‌مه‌زان ئه‌ترسی بەرپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان له‌ سنووری بادینان ڕایگه‌یاند: “لیستی تۆماری ده‌نگده‌رانی دهۆك پاك نه‌كراوه‌تەوە و چه‌ندین به‌ڵگه‌مان داوه‌ته‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسیی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ بوونی ناوی مردووان له‌ تۆماری ده‌نگده‌ران و سەروو خۆشمان ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام كومسیۆن ده‌ڵێت به‌ پێی یاسه‌ هه‌ر كه‌سێك مردوو بێت ده‌بێت كه‌سوكاری به‌ڵگه‌مانه‌ی وه‌فات پێشكه‌ش به‌ كۆمسیۆن بكات، تا ناوی له‌ تۆماری ده‌نگدەران بسڕنه‌وه،‌ ئه‌م یاسایه‌ش ڕێگره‌ له‌ به‌رده‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێم”.

لایخۆشیەوە عیسا سدیق كارگێڕی مه‌ڵبه‌ندی كومه‌ڵی ئیسلامی له‌ دهۆك ڕایگەیاند: “چه‌ندین به‌ڵگه‌ی سه‌لمێندراومان داوه‌ته‌ كومیسیۆن سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ به‌شێك له‌ هاووڵاتییانی باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌توانن ده‌نگ بده‌ن” .

وتیشی: “22 خاڵمان وه‌ك تانه‌ داوه‌ته‌ كۆمسیۆن، نزیكه‌ 100 هه‌زار ده‌نگده‌ری مردوو له‌ پارێزگای دهۆك ناوه‌كانیان ده‌رنه‌كراوه.‌”

هاوكات نایف سه‌عید به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری دەڵێت “یه‌ك ناوی مردوو و دووباره‌ له‌ تۆماری ده‌نگده‌رانی پارێزگای دهۆك ده‌رنه‌كراوە، ئه‌گه‌ر بێت تۆماری ده‌نگده‌ران پاك نه‌كرێته‌وه‌ هه‌ڵوێستمان ده‌بێت.”

وتیشی: “هه‌موو ئه‌و به‌ڵگانه‌ی كه‌ ڕێخۆشكه‌رن بۆ ساخته‌كاری داومانه‌ به‌ كۆمسیۆن، به‌ڵام تا ئێستاش هیچ دیار نییه‌.”

به‌شێك له‌ گومانه‌كان له‌سه‌ر زیادبوونی نائاسایی ڕێژه‌ی دانیشتووانه‌ له‌ دهۆك.

جه‌لال گۆران به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی گۆڕان له‌ بادینان ئەوەدەخاتەڕوو كە "زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتووان له‌ دهوك ناسروشتی بووه ‌و نزیكه‌ی له‌ 7% بووه،‌ پێچه‌وانه‌ی ڕیـژه‌ی ئاسایی كه‌ 1.5-2% و ئه‌مه‌ به‌ مه‌به‌ست كراوه‌ له‌ لایه‌ن پارتی بۆ ئه‌وه‌ی باڵانسی هێز له‌ ده‌ستی ئه‌ودا بیت و بینیمان له‌ هه‌ڵبژاردنی 2013 له‌ كۆی 38 په‌رله‌مانتاری پارتی 28یان خه‌ڵكی دهوك بوون".

له‌ به‌رانبه‌ردا نووسینگه‌ی دهۆكی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسیی هه‌رێم پاساو بۆ ئه‌و كێشانه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ له‌ تۆماری ده‌نگده‌رانی دهۆكدا هه‌یه‌.

عه‌لی ساڵح به‌ندی به‌رپرسی نووسینگه‌ی دهۆكی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسیی هه‌رێم رایگەیاند "تۆماری ده‌نگده‌ران له‌ دهۆك درووست نه‌كراوه‌ و له‌ هەو‌لێره‌وه‌ دروست كراوه ‌و به‌راود له‌گه‌ڵ لیستی تۆماری ده‌نگده‌رانی عێراق جیاوازییه‌كی زۆری هه‌یه‌؛ زیاتر له‌ هه‌زار ناوی مردوو و دووباره‌ی لێ ده‌ركراوه".

وتیشی: “ده‌وترێت به‌شێك له‌ هاووڵاتیی توركیا ڕه‌گه‌زنامه‌ی هه‌رێمیان هه‌یه‌، به‌ڵام سیستمی ده‌نگدان وایه‌ كه‌ ته‌نها به‌ ڕه‌گه‌زنامه‌ ناتوانێت ده‌نگ بدات و ده‌بێت كارتی نیشتیمانییشی هه‌بێت”.

ئاشكراشی كرد كه‌ لیستی تۆماری ده‌نگده‌ران له‌ سه‌رتاسه‌ری هه‌رێم 28%ی ماوه‌ پاك بكرێته‌وه،‌ له‌ هه‌وڵێکداین ناوی دووباره‌ یان ئه‌وانه‌ی كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ سه‌روو 91 ساڵیدا بووه‌ ده‌ركراون، به‌ڵام هێشتا ماون له‌ ژیان، دووباره‌ ناوی ده‌خه‌ینه‌وه‌ ناو تۆماره‌كه‌.