وتەبێژی حكومەتی هەرێم: رەتیكردووەتەوە ئەندامانی حیزبە كوردییەكان رادەستی ئێران بكاتەوە

أيلول/سبتمبر 13, 2018

سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، حكومەتی هەرێم رەتیكردووەتەوە، كە ئەندامانی حیزبە كوردییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان رادەستی ئێران بكاتەوە.

سەفین دزەیی ئەمڕۆ پێنج شەممە لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانی راشیگەیاند، كە حكومەتی هەرێم رازی نییە تەنیا یەك ئەندامی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان رادەستی ئێران بكات.

وتەبێژی حكومەت راشیگەیاندووە، ئەندامانی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان‌و خانەوادەكانیان لە نەوەدەكانی سەدەی رابردووەوە لەهەرێمن‌و بەشێكی زۆریشیان مافی پەنابەری عێراقیان هەیە.

هەروەها رایگەیاند، كە بەكێشەو ئالچۆزی ‌و بۆردومان چارەسەری كێشەی كوردانی رۆژهەڵات ناكرێت‌و دەبێت لایەنەكان گفتوگۆ بكەن بۆ چارەسەری كێشەكان.

ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر محەمەد حسێن باقری سەرۆك ئەركانی سوپای پارسدارانی ئێران رایگەیاند، كە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان لەهەرێم سەركردەی حیزبە كوردییەكان رادەستی وڵاتەكەی بكاتەوە.