رێژه‌ی بێكاری له‌ هه‌رێمی كوردستاندا گه‌یشتۆته‌ 10.2%

أيلول/سبتمبر 13, 2018

ه‌ پێی ئاماری راپۆرتی رووپێوی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ ئێستادا رێژه‌ی بێكاری 10.2%وه‌، هه‌روه‌ها 87%ی خێزانه‌كان داهاتی مانگانه‌یان كه‌متره‌ له‌ یه‌ك ملیۆن دینارو له‌ 23%ی دانیشتوانی هه‌رێمیش سه‌رچاوه‌ی داراییان له‌ بواری كشتوكاڵییه‌وه‌یه‌.
 ئه‌مڕۆ 13-9-2018 له‌شاری هه‌ولێر، ده‌سته‌ی ئاماری هه‌رێم و سندوقی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری دانیشتوان و رێكخراوی نێوده‌ڵه‌تی كۆچ كۆنفڕانسێكیان بۆ راگه‌یاندنی راپۆرتی رووپێوی دێمۆگرافی له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدا، كه‌ تێچووی كاره‌كان له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ دابینكراوه‌.
له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی كۆنفڕانسه‌كه‌دا عه‌لی سندی وه‌زیری پلاندانانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نوسیدا رایگه‌یاند: ئه‌نجامی ئه‌و رووپیویه‌ی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ 2017 له‌ ناو 12 هه‌زارو 699 خێزان ئه‌نجامدراوه‌ له‌ پارێزگاكانی سلێمانی، هه‌ولێرو دهۆك.
وه‌زیری پلاندانان وتیشی: به‌ پێی راپۆرتی رووپێویه‌كه‌ ژماره‌ی دانیشتوانی هه‌رێم پێنج ملیۆن و 755 هه‌زارو 43 كه‌سه‌و قه‌باره‌ی خێزانیش به‌ گشتی 5.1ه‌.
 سندی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: به‌ پێی ئاماره‌كه‌ له‌ ئێستادا رێژه‌ی بێكاری 10.2%و له‌ 87%ی خێزانه‌كان داهاتی مانگانه‌یان كه‌متره‌ له‌ یه‌ك ملیۆن دیناره‌و له‌ 23%ی دانیشتوانی هه‌رێم سه‌رچاوه‌ی داراییان له‌ بواری كشتوكاڵییه‌وه‌یه‌.
وتیشی له‌ كۆتایی ئه‌مساڵ دوو رووپێووی تر له‌ بواره‌كانی ته‌ندروستی و خوێندن بڵاوده‌كرێنه‌وه‌و كۆیی تێچووی كاره‌كانیش له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ دابینكراوه‌.