سەعدی پیرە: پۆستی سەرۆك كۆمار بەرانبەر دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمە

أيلول/سبتمبر 13, 2018

سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی رایگەیاند، پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بەركەوتەی هەڵبژاردنی یەكێتییەو نابێت هیچ لایەنێكی تر باسی ئەو پۆستە بكات.

سەعدی پیرە لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانی راشیگەیاند، كە پۆستی سەرۆك كۆمار بەرانبەر دەسەڵاتەكانی پۆستی سەرۆكی هەرێمە، كە پێشتر پارتی‌و یەكێتی لەسەری رێككەوتوون.

وتەبێژەكەی یەكێتی ئەوەشی راگەیاند، كە راستە ئێستا پۆستی سەرۆكی هەرێم لای مەسعود بارزانی نەماوە، بەڵام دەسەڵاتەكانی چووە بۆ سەرۆك وەزیران، كە ئەویش پارتییە، بۆیە سەرۆك كۆمار دەبێت بۆ یەكێتی بێت.

پیرە لەبارەی كاندیدی یەكێتی رایگەیاند، لەكۆبوونەوەی سەركردایەتی باس نەكراوەو ئەگەر پۆستی سەرۆك كۆماریش بۆ یەكێتی یەكلابووەوە، ئەوە لەناوخۆی یەكێتییەوە كەسێك كاندید دەكرێت بۆ ئەو پۆستە.

ئەمە لەكاتێكدایە، لەسێ‌ خولی رابردوو پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بۆ كورد بووەو لەناو كوردیش بۆ یەكێتی بووە، ئێستاش ئەو حیزبە دەیەوێت هەمان پۆست وەربگرێتەوە.