کۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی کۆتاییهات

أيلول/سبتمبر 13, 2018

ئه‌مڕۆ 13ی ئه‌یلولی 2018 ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی له‌سلێمانی کاتژمێر 11ی پێشنیوه‌ڕۆ کۆبوه‌وه‌ و له‌کاتژمێر 3 کۆبونه‌وه‌که‌ کۆتاییهات.

سه‌عدی پیره‌، وته‌بێژی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان له‌ کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیدا وتی "له‌ کۆبونه‌وه‌که‌دا باسی پرسی که‌رکوکمان کرد و ئه‌وه‌ دوپاتکرایه‌وه‌ که‌ ده‌بێت پارێزگاری که‌رکوک کورد بێت و کاندیدی یه‌کێتیش بێت".

وتیشی "ده‌بێت گیانی پێکه‌وه‌ژیان له‌ که‌رکوک بپارێزین و که‌رکوک وه‌ک عێراقێکی بچوک وایه‌ چه‌ندین لایه‌ن و پێکهاته‌ی تێدایه‌ ده‌بێت ئه‌و ئاشته‌واییه‌ بپارێزین".

ئه‌وه‌شی وت "ده‌رباره‌ی پێکهێنانی حکومه‌تی عێراق گفتوگۆمان کردوه‌ و پێمانوایه‌ نابێت سه‌در و ره‌وته‌که‌ی په‌راوێز بخرێن، هه‌روه‌ها ناشبێت گروپی فه‌تح و عامریش په‌راوێزبخرێن، بۆیه‌ نابێت ئه‌وان له‌ دوو به‌ره‌ بن و له‌ئێستادا به‌ پێشنیازی مه‌رجه‌عیه‌ت لێکنزیکبونه‌وه‌ی نوێ دروستده‌بێت".

باسی له‌وه‌شکرد "ئێمه‌ پرۆژه‌یه‌کمان داوه‌ به‌ لایه‌نه‌ عێراقییه‌کان که‌ باسی که‌رکوک و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌کان میحوه‌رن و جێبه‌جێکردنی ده‌ستور و شه‌راکه‌تی راسته‌قینه‌ ده‌بێت بوونی هه‌بێت".​