بۆماوەی 48 كاتژمێر پێدانی كارەبای نیشتمانی ڕادەگیرێت

أيلول/سبتمبر 14, 2018
بڕی بەرهەمهێنانی كارەبای هەرێمی كوردستان زیاد دەكرێت و وتەبێژی وەزارەتی كارەباش زانیاری لەوبارەیەوە دەخاتەڕوو، ڕاشیدەگەیەنێت: بەمەبەستی زیادكردنی پێدانی غازی سروشتیی بە وێستگەكان، بۆماوەی 48 كاتژمێر پێدانی كارەبا ڕادەگیرێت.

 

 

محەمەد ئەمین هەورامی، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم،  ڕاگەیاند: لەبەر بارودۆخی گەرما، زیادكردنی غازی سروشتیی بۆ وێستگە غازییەكان دواخراوەو ئەگەری هەیە لەكۆتایی ئەم مانگەدا بكرێت، بەڵام هیچ ڕۆژێك دیارینەكراوە، ئەوە كارێكی هونەرییەو ئێمە وەك وەزارەت ڕەزامەندیمان نەداوە لەئێستادا جێبەجێ بكرێت، بۆئەوەی بەو هۆیەوە خەڵك بێ كارەبا نەبێت.
وتیشی:" كارەبا لەڕێگەی وێستگەی ترەوە بۆ نەخۆشخانەو شوێنە گشتییەكان و پرۆژەكانی ئاو دابیندەكەین، بەڵام كێشەی سەرەكیی لەشوێنە گەرمەكانە، كە ناكرێت كارەبای نیشتمانیان نەبێت، لەزۆرترین حاڵەتیشدا بڕانی كارەبا بەهۆی زیادكردنی بەشەغازەوە، لە 48 كاتژمێر زیاتر ناخایەنێت".
لەبارەی زیادكردنی غازی سروشتی بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەباش، محەمەد هەورامی ئاشكرایكرد: بەگوێرەی گرێبەستەكە لەگەڵ كۆمپانیای دانەغاز، لەقۆناغی یەكەمدا بڕیارە 100 ملیۆن پێ سێجا غاز بۆ وێستگەكان زیاد بكات، بەوەش بەرهەمهێنانی كارەبا بەرێژەی (350-400) مێگاوات زیاد دەكات.
وتەبێژی وەزارەتی كارەبا، ئاماژەی بەوەشكرد لەئێستادا رۆژانە نزیكەی 14 سەعات كارەبای نیشتمانی دەدرێت بەهاووڵاتیان لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان.
وتیشی: "لەمەودوا وردە وردە خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا دادەبەزێت، ئەمەش دەبێتەهۆی ئەوەی سەعاتەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی زیاد بێت و كارەبای مۆلیدەی ئەهلی كەمبێتەوە".