زانیاری له‌باره‌ی‌ موچه‌ی‌ مانگی‌ حه‌وت ئاشكراکرا

تشرين1/أكتوير 02, 2018
وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌كاری بۆ دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی 7ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ده‌ستپێده‌كات، به‌گوێره‌ی‌ زانیاریه‌كانیش چاوه‌ڕوانده‌كرێت، له‌یه‌كشه‌مه‌ی‌ داهاتوه‌وه‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ موچه‌ی‌ پێبدرێت، یه‌كێتی مامۆستایانیش سه‌باره‌ت به‌موچه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ زانیاریه‌ك ڕه‌تده‌كاته‌وه‌.

 

 قسه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی له‌باره‌ی‌ موچه‌
سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئاشكرایكرد، حكومه‌تی‌ هه‌رێم بڕیاریداوه‌ هه‌ر 30 ڕۆژجارێك واته‌ له‌5ی‌ هه‌موو مانگێك ده‌ست به‌دابه‌شكردنی‌ موچه‌ بكات، به‌ڵام بۆ موچه‌ی‌ مانگی‌ 7 چاوه‌ڕوانده‌كرێت دوو ڕۆژ دابه‌شكردنی‌ موچه‌ دوابكه‌وێت، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ 5ی‌ مانگ ده‌كه‌وێته‌ ڕۆژی‌ هه‌ینیه‌وه‌.
 
گه‌نجینه‌كان ده‌ستیان به‌كاره‌كان ده‌كه‌ن
به‌گوێره‌ی‌ زانیاریه‌كان ، له‌ئێستادا گه‌نجینه‌كان ده‌ستیان به‌ئاماده‌كاری‌ بۆ ده‌ستپێكردنی‌ موچه‌ی‌ مانگی‌ 7ی‌ فه‌رمانبه‌ران كردوه‌، چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌وه‌ن له‌دابه‌شكردنی‌ موچه‌ ئاگادار بكرێنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌ست به‌دابه‌شكردنی‌ بكه‌ن.
 
یه‌كێتیی مامۆستایان له‌باره‌ی‌ موچه‌وه‌ زانیاریه‌ك ڕه‌تده‌كاته‌وه‌
له‌ئێستادا ده‌نگۆی‌ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌هۆی‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ ساڵی‌ نوێی‌ خوێندنی‌ (2017 ـ 2018)، موچه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ پێشده‌خرێت و تاوه‌كو ڕۆژی‌ 5شه‌ممه‌ موچه‌كه‌یان پێده‌درێت.
له‌وڕوه‌شه‌وه‌ مامۆستا ئه‌حمه‌د گه‌رمیانی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ یه‌كێتیی‌ مامۆستایان  ڕاگه‌یاند، "هیچ زانیاریه‌كمان له‌باره‌ی‌ پێشخستنی‌ موچه‌ی‌ مانگی‌ 7ی‌ مامۆستایان پێنه‌وتراوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ هه‌روه‌ك مانگه‌كانی‌ ڕابردوو یه‌كه‌م وه‌زاره‌ت پێشمه‌رگه‌ ده‌بێت و دواتر وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ موچه‌كه‌ی‌ پێده‌درێت، هیچ بڕیارێك نییه‌ بۆ پێشخستنی‌ موچه‌ی‌ مامۆستایان".
 
بۆ مانگی‌ (7)یش پێشمه‌رگه‌ له‌ڕیزبه‌ندی‌ یه‌كه‌مدایه‌
  فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری‌ گشتیی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ ئاشكرایكرد، "به‌گوێره‌ی‌ سیستمی‌ دارایی‌ كه‌ چه‌ند مانگێكه‌ به‌و شێوه‌یه‌ دانراوه‌، له‌5ی‌ مانگ ده‌ست به‌دابه‌شكردنی‌ موچه‌ ده‌كرێت و یه‌كه‌م وه‌زاره‌تیش كه‌ موچه‌كه‌ی‌ پێده‌درێت وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌یه‌".

ته‌ئكیدیكرده‌وه‌، "ئێمه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتیی‌ ژمێریاری وه‌زاره‌تمان پێش 5ی‌ هه‌موو مانگێك ئاماده‌كاری‌ خۆمان بۆ وه‌رگرتن و دابه‌شكردنی‌ موچه‌ ده‌كه‌ین".
ئه‌وه‌شی‌ وت:"چاوه‌ڕوانده‌كرێت موچه‌ی‌ مانگی‌ 7 بكه‌وێته‌ ڕۆژی‌ یه‌كشه‌ممه‌ی‌ داهاتوو واته‌ 7ی‌ مانگ، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ 5ی‌ مانگ هه‌ینیه‌و پشوه‌، ناكرێت موچه‌ دابه‌شبكرێت".