به‌ڵێنێك به‌هێزى پۆلیسی پاسه‌وانی‌ ده‌درێت.."تایبه‌ته‌ به‌موچه‌كانیان"

تشرين1/أكتوير 03, 2018
به‌ڵێنێك به‌هێزه‌ ئه‌منیه‌كان ده‌درێت.."تایبه‌ته‌ به‌موچه‌كانیان"
به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پۆلیسی پاسه‌وانی‌ دوا زانیاری له‌باره‌ی‌ ده‌ستكاریكردنی‌ پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌ی‌ هێزه‌كانیان ئاشكراده‌كات، جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، "له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ حكومه‌ت كۆبونه‌وه‌مان ئه‌نجامداوه‌و به‌ڵێنمان پێدراوه‌ ده‌ستكاری پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌كه‌مان بكرێت"، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "چاوه‌ڕوانده‌كرێت دوای‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌  ئه‌نجامه‌كان هه‌نگاوه‌كانمان ده‌ستپێبكه‌ین".

 

 

لیوا باخه‌وان محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پۆلیسی پاسه‌وانی سه‌ر به‌به‌رگریی و فریاكه‌وتنی‌ سلێمانی‌  ڕاگه‌یاند، "بۆ ده‌ستكاریكردنی‌ پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌ی‌ پۆلیسی پاسه‌وانیه‌كان، پێشتر نوسراومان ئاراسته‌ی‌ حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی ناوخۆ كردوه‌، به‌ڵام تائێستا وه‌ڵامی‌ نوسراوه‌كه‌مان نه‌دراوه‌ته‌وه‌".

وتیشی‌:"له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ حكومه‌ت و به‌تایبه‌ت قوباد تاڵه‌بانی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌ر له‌هه‌ڵمه‌تی‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن كۆبونه‌وه‌مان ئه‌نجامداوه‌و پێیڕاگه‌یاندین هه‌وڵده‌ده‌ن چاو به‌پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌ی‌ پۆلیسی پاسه‌وانیدا بخشێنینه‌وه‌".

ئه‌وه‌شی‌ ڕونكرده‌وه‌، "ئێمه‌ به‌راورد به‌هێزه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ ناوخۆ، كه‌مترین موچه‌ وه‌رده‌گرین و زۆرترین پاشه‌كه‌وت له‌سه‌ر موچه‌مان كراوه‌و داواده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر هاوتای‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی‌ دیكه‌ش ناكرێت، هه‌ر هیچ نه‌بێت ده‌ستكاریه‌كی‌ پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌كه‌مان بكرێت و ئه‌و ڕێژه‌ی‌ پاشه‌كه‌وته‌ له‌سه‌ر موچه‌مان كه‌مبكرێته‌وه‌".

ئه‌وه‌شی‌ وت:"چاوه‌ڕوانده‌كرێت هه‌وڵه‌كان له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و كارمه‌ندانه‌ یه‌كلابكه‌ینه‌وه‌، جگه‌له‌وه‌ش له‌نێو موچه‌خۆراندا زۆرترین ڕێژه‌ی‌ پاشه‌كه‌وت له‌سه‌ر موچه‌ی‌ پۆلیسی پاسه‌وانی‌ ده‌كرێت".